راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق و وەزیری بەرگریی توركیا چەند پرسێك تاوتوێ دەكەن
  2024-03-05       393       

قاسم ئەعرەجی، راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق و یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی توركیا لە ئەنقەرە كۆبونەوەو تاوتوێی پتەوكردنی هاریكاریی نێوان هەردو وڵاتیان كرد لە دۆسیەكانی "ئاسایش و كۆنترۆڵكردنی سنورو دژایەتی تیرۆر و ئاو و ئاڵوگۆڕی زانیاری."

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، ئەمڕۆ سێشەممە، قاسم ئەعرەجی، راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق لە ئەنقەرە لەگەڵ یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی توركیا كۆبۆتەوە.

وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە"لە كۆبونەوەكەدا دۆخی سیاسی و ئەمنی ناوچەكە خرایەڕو و تاوتوێی پتەوكردنی پەیوەندییە هاریكارییەكانی نێوان هەردو وڵاتی دراوسێ كرا بەتایبەت هاریكاریی لە دۆسیەكانی ئاسایش و كۆنترۆڵكردنی سنور و دژایەتی تیرۆر و دۆسیەی ئاو و ئاڵوگۆڕی زانیاری."

بەپێی راگەیەندراوەكە، قاسم ئەعرەجی لە كۆبونەوەكەدا جەختی لە "قوڵیی پەیوەندییەكانی ستراتیژییەكان و مێژوی هاوبەشی نێوان عێراق و توركیا كردەوە لەگەڵ گرنگییەكەی لە پتەوكردنی چوارچێوەی هاریكاریی و شەراكەتی نێوان هەردو وڵاتی دراوسێ لەسەرجەم ئاستەكان."

هەروەك راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە "هاریكاریی بونیادنەرانە لە بواری پتەوكردنی ئاسایش و سەقامگیری و جێبەجێكردنی پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان، دەبێتە مایەی سەقامگیری لە هەمو ڕویەكەوە بەتایبەت لەڕوی ئابورییەوە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×