مەكتەبی سیاسی پارتی راگەیەندراوێكی لەبارەی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی بڵاوكردەوە
  2024-03-05       623       

مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لەبارەی بڕیارەكانی ئەم دواییەی دادگای باڵای فیدراڵی رایگەیاند، دادگاكە "هەوڵی کەمکردنەوەی دەسەڵات و تایبەتمەندییەكانی هەرێمى کوردستانی داوە".و دەشڵێت، دادگای فیدراڵی كارى كردوە بۆ "لاوازکردن"ی دامەزراوەکانی هەرێم و "رێگەى خۆشکردوە بۆ دەسەڵاتە فیدراڵییەکان تا زێدەڕۆیی لەسەر دەسەڵاتە دەستورییەكانی هەرێم بكەن".

 ئاوێنە: مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەمشەو سێشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، دادگای فیدراڵی لە بڕیارەكەیدا لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان "مافه‌ ده‌ستورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و بنه‌ماكانی فیدراڵی و پره‌نسیپی لێكجیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كانی كه‌ له‌ ده‌ستوری عێراقدا جێگیر كراون،‌ پێشێل كرد."

 جەختیشی كردۆتەوە"ماددە و بڕگەکانی دەستور بەردەوام لەلایەن هەندێك لە دامودەزگا فیدراڵییەكانەوە پشتگوێ دەخرێن و پێشێل دەکرێن، لە هەموشیان مەترسیدارتر ئەوەیە کە دادگای باڵای فیدراڵی دەيکات بەپێچەوانەی ئەركە سەرەكییەكانی خۆی کە بریتین لە گەرەنتیكردنی پیادەكردنی بەندەكانی دەستورو بەرگری لە سیستەمی فیدراڵی و چەسپاندنی لەڕێگای پابەندبون بە سەروەری دەستور و دابەشکردنی دەسەڵاتەكان."

مەكتەبی سیاسی پارتی وتوشیەتی"بڕیارە یەک لە دوای یەکانی دادگا بونەتە هۆی پێشێلکردنی پرەنسیپی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان، بەشێوەیەك دادگا خۆی خستۆتە پێگەی دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن، و هەندێك دەسەڵات و تایبەتمەندی بەخۆی داوە کە دەستور پێی نەبەخشیوە."

ئاماژەی بەوەشداوە"دادگای باڵای فیدراڵی لە بڕیارەکانی ئەم دواییەیدا، هەوڵی کەمکردنەوەی دەسەڵات و تایبەتمەندییەكانی هەرێمى داوەو كارى كردوە بۆ لاوازکردنی دامەزراوەکانی و ڕێگەى خۆشکردوە بۆ دەسەڵاتە فیدراڵییەکان تا زێدەڕۆیی لەسەر دەسەڵاتە دەستورییەكانی هەرێم بكەن، لە كاتێكدا کە دەستور دانی بە شەرعیەتی دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری هەرێمدا ناوە بەپێی ماددەکانی 117 و 121)."

لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەی مەكتەبی سیاسی پارتیدا هاتوە"بڕیارەکەی دادگا سەبارەت بە نادەستورییبونی هەندێك لە ماددە و بڕگەكانی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ئەوە دەردەخات كە دادگا ڕێگەی بەخۆی داوە بە هەمواركردنەوەی ياساكە، كە ئەمەش كارى دەسەڵاتی یاسادانانە نەك دەسەڵاتی دادوەریی، هەروەها پێشێلکردنی بنەمای جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانە کە لە ماددەی 47ی دەستوردا هاتوە."

هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە "نەهێشتنی كورسی كۆتای پێكهاتەكان لەهەرێمدا، ناكۆكە لەگەڵ ئەوەی لە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی فیدراڵی و ئەنجومەنی پارێزگاکاندا هاتوە بەتەرخان كردنی کورسی بۆ پێکهاتەکان، هەروەها ناكۆكە لەگەڵ ماددەكانی 49/ بڕگەی یەکەم) و (125)ى دەستور، کە جەخت دەكەنەوە لەسەر ڕەچاوکردنی نوێنەرایەتیکردنی هەمو پێکهاتەکانی گەل لە ئەنجومەنەی نوێنەران، و دەستەبەركردنی مافی سەرجەم نەتەوەکان(وەک تورکمان و کلدان وسریان و ئاشور و ئەرمەن و هەمو پێکهاتەکانی تر) لە پیادەكردنی مافەڕەواكانیان، لەوانەش مافە سیاسیەكان، بە گەرەنتی كردنی نوێنەرایەتییان لە ئەنجومەنە هەڵبژێردراوەكاندا."

 بەپێی راگەیەندراوەكەی مەكتەبی سیاسی پارتی "ئەو بڕیارانەی دادگای باڵای فیدراڵی بونە هۆی ئاڵۆزیی پەیوەندییەکانی نێوان دەسەڵاتەكانی فیدراڵی و دەسەڵاتەكانی هەرێم و تێكدانیان، بەشێوەیەک هەڕەشە لەو بنەما دەستوریانە دەكات كە دەوڵەتی فیدراڵی و سیستەمی دیموكراسییان لەسەر بونیادنراوە، ئەمەش وادەكات كە عێراق بەئاراستەی سیستەمێكی مەركەزی هەنگاو بنێت و لە سیستەمی دیموكراتی فیدراڵی دور بكەوێتەوە."

مەكتەبی سیاسی پارتی وتوشیەتی"لەسەر هەمو هاوبەشەکانی حوکمڕانی بە گشتی و هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت بە تایبەتی پێویستە بەجیددی و بە پەرۆشەوە کاربکەن لەپێناو پابەندبون بە دەستورو بەندەكانی ڕێککەوتنی پێکهێنانى هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت و پەلەبكرێت لە ئامادەكردن و دەرچواندنی یاسای نەوت و گازو یاسای دامەزراندنی ئەنجومەنی فیدراڵی، بەتایبەتیش دەرچواندنی یاسای دادگای باڵای فیدراڵی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی شەرعیەتی دەستوریی ئەم دادگایە بەپێی ڕێكارە دەستورییەکانی كە لەماددەی (92)دا هاتوەو گەرەنتی كردنی سەربەخۆبونی دادگاكە و دڵنیابون لەوەی بۆ جێبەجێکردنی دەستور هەنگاو بنێت."

لەكۆتاییشدا جەختی كردۆتەوە كە "پێویستە دەستور ببێتە بنەما بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغداو لەمە زیاتر دادگای باڵای فیدراڵی بۆ مەرامی سیاسی بەكارنەهێندرێت."

دەقی راگەیەندراوەكەی مەكتەبی سیاسی پارتی:

دەقی راگەیێندراوی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان

دوای تێپه‌ربونی زیاتر له‌ هه‌شت مانگ به‌سه‌ر دانیشتنه‌كانی دادگای باڵای فیدراڵی و دواخستنی به‌مه‌به‌ست و بێ پاساوی یاسایی و ده‌ستوری، له‌ بریاردان له‌ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ئه‌و داوایه‌ی له‌سه‌ر یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ژماره‌ (1)ی ساڵی 1992ی هه‌موار كراو پێشكه‌ش كرابو، دواجار رێكه‌وتی 21ی شوباتی 2024 دادگا بڕیارێكی راگه‌یاند كه‌ تیایدا مافه‌ ده‌ستورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و بنه‌ماكانی فیدراڵی و پره‌نسیپی لێكجیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كانی كه‌ له‌ ده‌ستوری عێراقدا جێگیر كراون،‌ پێشێل كرد. بۆیە بەپێویستمان زانی كە گەلی كوردستان لەڕێگەی ئەو بەیاننامەوە ئاگاداری ڕوی ناڕەوای بڕیارەكەی دادگابن.

جەماوەری خۆشەویستی كوردستان

ئاشكرایە خەبات و تێكۆشانی گەلی كوردستان بەدرێژایی سەدەی ڕابردو، لەپێناو رەتكردنەوەی دیكتاتۆریەت و ڕاپەڕین لە دژی ستەمی حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق بوە بۆ گەیشتن بەئازادی و هێنانەدی مافە سیاسی و دیموكراسیە ڕەواكانی بەپێی پەیماننامە و بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەكان، تا گەیشتە ئەوەی گەلی كوردستان لەساڵی 1991 بەرامبەر دیكتاتۆریەت ڕاپەڕێ و لەسەرینی قوربانییەكانییەوە ڕوبەرێكی فراوانی خاكی كوردستانی عێراق ئازاد بكات و قەوارەیەكی سیاسی خاوەن دەسەڵاتەكانی یاسادان و جێبەجێكردن و دادوەریی دابمەزرێنێت، ئەمەش دوای ئەوەی كە جەنابی سەرۆك بارزانی لەبەهاری هەمان ساڵدا داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی ئازادانەی كرد بۆ دامەزراندنی پەرلەمانی كوردستان-عێراق كە لێیەوە دەسەڵاتە سیاسییەكانی دیكەی هەرێم سەریان هەڵداو بوە وێستگەیەك بۆ گواستنەوەی شەرعیەتی شۆڕشگێڕیی بۆ شەرعیەتی یاسایی و دیموكراسی، وێڕای ئەوەش پەرلەمانی كوردستان جاڕی فیدراڵیەتی دا وەك بنەمایەك بۆ دیاریكردنی شێوەو سروشتی پەیوەندیی هەرێم لەچوارچێوەی سیستەمێكی دیموكراسیدا بەئامانجی بونیادنانی عێراقێكی نوێ.

 لەئەنجامی ڕوخانی ڕژێمی ديكتاتۆری لە ساڵی 2003دا، زەمینە ڕەخسا بۆ لەدایكبونی دەستوری عێراقی ساڵی 2005 كە بەرهەمی قوربانیدانی گەلی عێراقە بۆ بەرجەستەکردنی ئامانجەکانی لە ئازادی و دیموکراسی و دامەزراندنی کۆمارێکی فیدراڵی، بەشێوەیەك كە ماف و شکۆی پێکهاتەکانی بپارێزێت و بەیەكسانی مامەڵەيان لەگەڵ بكات، هەروەها دەرگای بەشدارییەكى كاراى لەهەمو ئاستەكانی حوكم و ئیدارە بۆ هەمولایەك كردەوە. ئەمەش بوە مایەی دڵنیایی گەلی هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتە ڕەواكەی تا لەگەڵ هێزە سیاسییە نیشتمانییەکان بۆ بونیادنانی عێراقێكی نوێ و دامەزراندنی سیستەمێكی فیدراڵی كاربكات، بەوشێوەیەی كە پێكهاتە و دەسەڵاتەكانی لە دەستوردا ڕەنگی داوەتەوەو ڕەزامەندی نزیكەی 80% پێكهاتەكانی گەلی عێراقى وەدەستهێنا كە لە مێژوی گەلاندا كەم وێنەبو.

لەگەڵ هەمو ئەمانەدا، ڕاستییەك هەیە كە چاوپۆشی لێ ناكرێت، ئەویش ئەوەیە ماددە و بڕگەکانی دەستور بەردەوام لەلایەن هەندێك لە دامودەزگا فیدراڵییەكانەوە پشتگوێ دەخرێن و پێشێل دەکرێن، لە هەموشیان مەترسیدارتر ئەوەیە کە دادگای باڵای فیدراڵی دەيکات بەپێچەوانەی ئەركە سەرەكییەكانی خۆی کە بریتین لە گەرەنتی كردنی پیادەكردنی بەندەكانی دەستورو بەرگری لە سیستەمی فیدراڵی و چەسپاندنی لەڕێگای پابەندبون بە سەروەری دەستور و دابەشکردنی دەسەڵاتەكان. شایانی ئاماژە بۆ كردنە كە بڕیارە یەک لە دوای یەکانی دادگا بونەتە هۆی پێشێلکردنی پرەنسیپی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان، بەشێوەیەك دادگا خۆی خستۆتە پێگەی دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن، و هەندێك دەسەڵات و تایبەتمەندی بەخۆی داوە کە دەستور پێی نەبەخشیوە.

جگە لە هەمو ئەمانەش، دادگای باڵای فیدراڵی لە بڕیارەکانی ئەم دواییەیدا، هەوڵی کەمکردنەوەی دەسەڵات و تایبەتمەندییەكانی هەرێمى داوەو كارى كردوە بۆ لاوازکردنی دامەزراوەکانی و ڕێگەى خۆشکردوە بۆ دەسەڵاتە فیدراڵییەکان تا زێدەڕۆیی لەسەر دەسەڵاتە دەستورییەكانی هەرێم بكەن، لە كاتێكدا کە دەستور دانی بە شەرعیەتی دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری هەرێمدا ناوە بەپێی ماددەکانی 117 و 121). دواجاریش بڕیارەکەی دادگا سەبارەت بە نادەستورییبونی هەندێك لە ماددە و بڕگەكانی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ئەوە دەردەخات كە دادگا ڕێگەی بەخۆی داوە بە هەمواركردنەوەی ياساكە، كە ئەمەش كارى دەسەڵاتی یاسادانانە نەك دەسەڵاتی دادوەریی، هەروەها پێشێلکردنی بنەمای جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانە کە لە ماددەی 47ی دەستوردا هاتوە.

 ئاشكراشە كەمكردنەوەی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمان و نەهێشتنی کورسی پێکهاتەکان و دابەشكردنى هەرێم بۆ چەند ناوچەیەكی هەڵبژاردن لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵییەوە بێ پاساوی دەستوریى، بەپێشێلکردنی ئاشکرای بنەما سەرەکییەکانی دەستور دادەنرێن، چونكە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، ماوەی پتر لە 30 ساڵە كاری پێدەكرێت و پێنج خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی پێ ئەنجام دراوە و بوەتە بەردی بناغەی دیموكراسی و نوێنەرایەتیكردنی سەرجەم پێكهاتە و بیروڕا جیاوازەكان، بەشێوەیەك كە هەرێمی كوردستانی وەك بنكەی دیموكراسیەت و پێكەوەژیان لەنێوەندە هەرێمی و نێودەوڵەتیەكاندا نیشان داوە. لەلایەكی دیكە دادگا لەخاڵی پێنجەمی پاشخانی بڕیارەكەیدا لەبارەی هەردو سیستەمی یەك بازنەیی و فرەبازنەیی، نەیتوانیوە بیسەلمێنێت كە یەك بازنەیی لەهەرێمدا نادەستورییە و بگرە ئاماژەیەكی رون دەكات بەوەی كە سیستەمی یەك بازنەیی لایەنی باش و بەهێزی هەیە، هەرچەندە خاڵی لاوازیشی هەیە، ئەوەش بێگومان لە سیستەمی فرە بازنەییشدا تێبینی دەكرێت بەوەی كە لایەنی بەهێز و باشی هەیە لەگەڵ لایەنی لاواز، بەڵام ناگەنە ئەو ئاستەی كە ببنە نادەستوریی، بەڵكو ئەوە دەمێنێتەوە بۆ هەڵسەنگاندن و دەسەڵاتی یاسادانەر، وەك لەمەوپێش لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نیشتمانی عێراقدا بینیمان كە لەسەرەتادا یاساكە بە یەك بازنەی دانابو و پاشان كرایە (18) و دواتر (83) و دواتریش لەساڵی 2023 كرایەوە بە (18) بازنە، بەبێ ئەوەی لەهیچ بارێكیاندا بڕیار لە نادەستوریبونی یاساكە بدرێت، مەگەر دادگای باڵای فیدراڵی خۆی خستبێتە شوێنی یاسادانەری هەرێم بۆیە بڕیاری لە بابەتێكی لەو چەشنە داوە كە دەستور ئەو دەسەڵاتەی پێ نەبەخشیوە. لەهەمان كاتدا دەبێت بڵێین كە خاڵی لاوازی سیستەمی فرە بازنەییش ئەوەیە كە دەرفەت ناداتە حزبە بچوك و مام ناوەندەكان كە نوێنەرایەتی دەنگەكانیان بەتەواوی بكەن، كە ئەمەش هەر لەبەرژەوەندیی نیشتمانییدا نییە هەرچەندە لەبەرژەوەندیی حزبە گەورەكانە.

 لەلایەكی دیكەوە، نەهێشتنی كورسی كۆتای پێكهاتەكان لەهەرێمدا، ناكۆكە لەگەڵ ئەوەی لە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی فیدراڵی و ئەنجومەنی پارێزگاکاندا هاتوە بەتەرخان كردنی کورسی بۆ پێکهاتەکان، هەروەها ناكۆكە لەگەڵ ماددەكانی 49/ بڕگەی یەکەم) و (125)ى دەستور، کە جەخت دەكەنەوە لەسەر ڕەچاوکردنی نوێنەرایەتیکردنی هەمو پێکهاتەکانی گەل لە ئەنجومەنەی نوێنەران، و دەستەبەركردنی مافی سەرجەم نەتەوەکان(وەک تورکمان و کلدان وسریان و ئاشور و ئەرمەن و هەمو پێکهاتەکانی تر) لە پیادەكردنی مافەڕەواكانیان، لەوانەش مافە سیاسیەكان، بە گەرەنتی كردنی نوێنەرایەتییان لە ئەنجومەنە هەڵبژێردراوەكاندا.

لەدەرەنجامدا ئەو بڕیارانەی دادگای باڵای فیدراڵی بونە هۆی ئاڵۆزیی پەیوەندییەکانی نێوان دەسەڵاتەكانی فیدراڵی و دەسەڵاتەكانی هەرێم و تێكدانیان، بەشێوەیەک هەڕەشە لەو بنەما دەستوریانە دەكات كە دەوڵەتی فیدراڵی و سیستەمی دیموكراسییان لەسەر بونیادنراوە، ئەمەش وادەكات كە عێراق بەئاراستەی سیستەمێكی مەركەزی هەنگاو بنێت و لە سیستەمی دیموكراتی فیدراڵی دور بكەوێتەوە، بۆیە لەسەر هەمو هاوبەشەکانی حوکمڕانی بە گشتی و هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت بە تایبەتی پێویستە بەجیددی و بە پەرۆشەوە کاربکەن لەپێناو پابەندبون بە دەستور و بەندەكانی ڕێککەوتنی پێکهێنانى هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت و پەلەبكرێت لە ئامادەكردن و دەرچواندنی یاسای نەوت و گاز و یاسای دامەزراندنی ئەنجومەنی فیدراڵی، بەتایبەتیش دەرچواندنی یاسای دادگای باڵای فیدراڵی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی شەرعیەتی دەستوریی ئەم دادگایە بەپێی ڕێكارە دەستورییەکانی كە لەماددەی (92) دا هاتوە، و گەرەنتی كردنی سەربەخۆبونی دادگاكە و دڵنیابون لەوەی بۆ جێبەجێکردنی دەستور هەنگاو بنێت، هەروەها پێویستە دەستور ببێتە بنەما بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغداو لەمە زیاتر دادگای باڵای فیدراڵی بۆ مەرامی سیاسی بەكارنەهێندرێت.

5/3/2024

زۆرترین بینراو
نوری مالیکی: بیستوومانە لە سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستانەوە بڕیارێک دەرچووە بۆ دواخستنى هەڵبژاردن
هادی عامری: بەبانکیکردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆرانی‌ هه‌رێم کۆتاییهاتوه‌و ئەوە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵییە
سروە عەبدولواحید بۆ لایه‌نه‌سیاسییەکان: ملکەچی ئیرادەی پارتی مه‌بن‌ بۆ دواخستنی‌ هه‌ڵبژاردن
ئەمریکا توڕه‌یى‌و نیگەرانی لەبڕیارێكى عێراق بۆ پەسەندکردنی یاسای بەرەنگاربونەوەی هاوڕەگەزخوازی ڕاده‌گه‌یه‌نێت
كاتی گەیشتنی پارەی مووچەخۆران ئاشكرا كرا
هه‌رێم داهاتە نانەوتییەکان ڕادەستی‌ بەغداد ده‌كات
سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران: له‌گه‌ڵ به‌غدا گەیشتینە چەند خاڵێکی هاوبەش تایبەت بەداهاتی نانەوتیی
شاندی حکومەتی هەرێم بۆ ڕاستکردنەوەی هەڵەکەی گەیشتە بەغدا
سودانی لەبارەی ئەنجامدەرانی هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرۆمۆر زانیاری ئاشکرادەکات
راگه‌یه‌ندراوی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم له‌ باره‌ی كۆبوونه‌وه‌ی نێچیرڤان بارزانی و فایه‌ق زێدان
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×