فه‌رمانده‌یی پۆلیسی پارێزگای میسان ڕایگه‌یاند، پیاوێكی ده‌ستگیركردوه كه كوڕه‌كه‌ی ناچاركردوه گورچیله‌یه‌كی بفرۆشێت، ده‌شڵێت:"كوڕه‌كه‌ى ته‌مه‌نى 22 ساڵه‌و به‌زۆر ناچاریكردوه".
به‌گوێره‌ی ڕاگه‌یه‌ندراوێكى پۆلیس پارێزگاى میسان ئاماژه به‌وه‌كراوه، هێزه‌كانیان باوكێكیان ده‌ستگیركردوه كه دانیشتووی قه‌زای (قه‌ڵعه ساڵحه)یه له‌باشوری پارێزگای میسان.
پۆلیس ده‌ڵێت:"ئه‌و باوكه یه‌كێك له‌كوڕه‌كانی خۆی كه ته‌مه‌نی (22 ساڵه) ناچاركردوه به‌مه‌به‌ستی كاتبه‌سه‌ربردن سه‌ردانی باكوری عێراق بكات، دوای ئه‌وه‌ی گه‌یشتونه‌ته باكور، باوكه‌كه كوڕه‌كه‌ی بردوه بۆ نه‌خۆشخانه‌یه‌ك كه پێشتر ڕێككه‌وتنی له‌گه‌ڵ كردون، گورچیله‌یه‌كی كوڕه‌كه‌ی به‌زۆرو له‌ژێر كاریگه‌ریی بێهۆشكردندا فرۆشتوه".
ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی پۆلیسی میسان ئاشكراینه‌كردوه ئایا مه‌به‌ست چ شارێكى هه‌رێمی كوردستانه یان ناوچه‌یه‌كی، هه‌روه‌ها ناوی نه‌خۆشخانه‌كه‌شى نه‌هێناوه.