ئەدهەم بارزانی: پاش 33 ساڵ دەركەوت كە ئەمە نە حكومەتەو نە بنەمای حكومەتداری هەیە
  2024-03-06       579       

ئەدهەم بارزانی رایگەیاند، پاش 33 ساڵ لە راپەڕین دەركەوت كە ئەمە نە حكومەتەو نە بنەمای حكومەتداری هەیە.  ئەو باوەڕیشی وایە ئەوەی تا ئێستا لە كوردستان هەبوە دەنگی ناڕازی بوە نەك ئۆپۆزسیۆن كە "تەنیا مكیاجی دە موچاوی دەسەڵات بون" و هەڵبژاردنی داهاتوی پەرلەمانی كوردستانیش بە هەڵبژاردنێكی "جیاواز" ناودەبات كە پێی وایە "گۆڕانکارییەکی گەورە"ی لێدەكەوێتەوە.

ئاوێنە: ئەدهەم بارزانی، ئەمشەو چوارشەممە، لە پەیامێكدا بەبۆنەی یادی راپەڕینەوە، وتویەتی" ئەوەی ئەمڕۆ دەبینرێت پاش 33 ساڵ لەو ڕاپەڕینە پڕ گەورەیەدا بێزاری و نیگەرانی زۆربەی چین و توێژەکانی ئەم گەلەیە لە هەمو جومگەکانی ژیانی سیاسی و ئیداری و ئابوری و کۆمەڵایەتی و زانستی و نەمانی ئازادی و بێڕێزبونی تاک بە تاکی ئەم کۆمەڵگایەیە، بەتایبەتی تێکچونی بارودۆخی دەرونی و دارایی و  پێگەی گەنجان کە هەمیشە هیواو  پێشڤەبەری  وڵات و میللەتن."

ئەدهەم بارزانی پێشیوایە، دوای تێپەڕبونی ئەو هەمو ساڵە بەسەر ڕاپەڕیندا، ئێستا "لە مەترسیدارترین کاتدا دەژین" و "دەسەڵات بە هیچ گوڕانکارییەک بەسەر شێوازی کاردنی خۆیدا ڕازی نەبوەو هەر بابەتێک لەسەر ئەم خاکە بە موڵکی خۆی زانیوەو ئەم مافەی بە خۆی داوە کە چۆن حەزو ئارەزوی بێت دەسەڵاتداری بکات."

ئەدهەم بارزانی پێشی وایە ئەوەی لە هەرێمی كوردستان هەبوە تاوەكو ئێستا دەنگی ناڕازی بوە نەك ئۆپۆزسیۆن و وتویەتی"ناڕازییەکان لە ماوەی ئەم 33 ساڵەدا بەشداری هەڵبژاردنیان کردوەو زانیویانە کە لەم چەند کورسییەی كە ھەیانە زیاتر بەدەست ناهێنن بە جیاوازی یەک یا دو کورسی تێپەرناکات و بێ ئەوەی بتوانن گۆڕانكارییەك لە سودی جەماوەردا دروست بکەن."

جەختیشی كردۆتەوە"ناڕازییەکان تەنها مکیاجی دەموچاوی دەسەڵات بون لە دەرەوەی وڵات، نە دەیانتوانی و نە لەمەش بەدوا دەتوانن هیچ شتێک لەسەر ئەرزی واقع بگۆرن، دەسەڵات نەبوە سیستمێک کە بەپێی دەستورو یاسایەک بجوڵێت بێجگە لە شێوازی وێنەكەی نەبێت."

هەروەها وتوشیەتی"پاش 33 ساڵ لەم دەسەڵاتە دەركەوتوەو دەردەکەوێت کە ئەمە نە حکومەتەو نە بنەمای حکومەتداری هەیە."

ئەدهەم بارزانی وتوشیەتی، "تاکو ئەم میللەتە بڕیارە دروستەکەی خۆی نەدات، لەم خۆ تەسلیمكردنە بێمەرجە بە دەسەڵات پاشگەز نەبێتەوە... نەیەوێت گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی لە شێوازی ژیان و دەڕونی خۆیدا دروست بکات { إِنَّ اللّهَ لاَ يُغَيِّرُ مَا بِقَوْمٍ حَتَّى يُغَيِّرُواْ ما بأنفسهم } ئەم قەیران و نەھامەتییە بەردەوام دەبن."

لەگەڵ ئەوەش ئەدهەم بارزانی بە گەشبینییەوە لە هەڵبژاردنی داهاتوی پەرلەمانی كوردستان دەڕوانێ و وتویەتی"لە ماوەیەكی كەمی داھاتودا هەڵبژاردنێکی  بێگەرد کە بێگۆمان جیاواز دەبێت لە هەڵبژاردنەکانی ساڵانی پێش ئێستا ئەنجام ئەدرێت، بە باوەڕی من گۆڕانکارییەکی گەورە لە وڵاتدا دێتە دی کە دڵخوشکەر دەبێت بۆ ئەم میللەتە."

دەقی پەیامەكەی ئەدهەم بارزانی:

بەناوی خوای گەورەو میهرەبان

 جەماوەری خۆراگری کوردستان

گەنجان، خوشکان، برایان

هاوڵاتیانی سەربەرزی كوردستان

سڵاوى خوای گەورەتان لێبێت..

ئەمڕۆ ڕۆژەکانی ڕاپەرینە گەورەکەی کوردستانە، کە بەم بۆنەیەوە پیرۆزبایی لە خەڵكی کوردستان دەکەم بۆ بە دەستهێنانی ئەو نیمچە ئازادییە، کە هیوادارم لە دەست نەدەین.

لەلایەن هاوڵاتیان و دۆستانەوە زۆر داوا لە من کرا کە لەم یادەدا پەیامم هەبێت، دودڵ و چەند دڵ بوم، لە کوتاییدا دەستم دایە پێنوس، کە زۆر واقعبینانە لە گەڵ ئێوەی خۆشەویست بدوێم لە سەر ئەم بابەتە و هەندێک بابەتی تر کە پەیوەستن بەم خاک و میللەتەوە.

سەردەمانێک هەمومان هەر یەک لە ژێر ناوی حزبێک و بە ناونیشانێکی سیاسی کارو چالاکی سەردەمی شاخمان هەبو، گرنگترین چالاکییەکانی ئێمە هێرشە سەربازییەکان و چالاکی چەکداری ئێمە ھەمومان بو بۆ سەر مۆڵگەکانی رژێمی سەدام حسێن، هەندێک جار ئامانجەکانمان دەپێکان و زیانی گیانی و داراییمان بە رژێم دەگەیاندو هەندێ جاریش زیانەکانی ئێمە چەندین شەهیدو برینداری قارەمان بون، بەڵام هیچ کاتێك کۆی چالاکییەکان نەبونە هۆی ئەوەی کە یەک شارۆچکەی بچوکی پێ ئازاد بکرێت و بیپارێزین.

لە دەرئەنجامی بیرکردنەوەیەکی هەڵەی سەدامی سەرۆک کۆماری ئەو کاتەی عێراق کە هێرشی کردە سەر خاکی کوەیت و داگیری کرد و ئەم دەرفەتە ڕەخسا کە بەشێک لە باشوری کوردستان ئازاد بکرێت و بکەوێتە دەستی لایەنە سیاسییەکانی سەر گۆڕەپانی خەبات، ئەویش بەهیممەتی خوای مەزن و گەورەی جەماوەر و بە هاوکاری پێشمەرگەی دڵسوزو هێزەکانی شاخ.

بە داخەوە گوێمان لێدەبێت کە هەر لایەنێک بە بەژن و باڵای هەندێک کەس و لایەن دەڵێت کە لە ڕاستی دا هەڵەی سەدام و هێزی جەماوەرو پشتیوانی سنورداری پێشمەرگە ئەم واقعەی دروستکرد.

 ئەوەی ئەمڕۆ دەبینرێت پاش 33 ساڵ لەو ڕاپەڕینە پڕ گەورەیەدا بێزاری و نیگەرانی زۆربەی چین و توێژەکانی ئەم گەلەیە لە هەمو جومگەکانی ژیانی سیاسی و ئیداری و ئابوری و کۆمەڵایەتی و زانستی و نەمانی ئازادی و بێڕێزبونی تاک بە تاکی ئەم کۆمەڵگایەیە، بەتایبەتی تێکچونی بارودۆخی دەرونی و دارایی و  پێگەی گەنجان کە هەمیشە هیواو  پێشڤەبەری  وڵات و میللەتن.

 زۆر بەداخەوە کە ئێستا و پاش تێپەڕبونی ئەو هەمو ساڵە بەسەر ڕاپەڕیندا دەبینم کە لە مەترسیدارترین کاتدا دەژین، دەسەڵات بە هیچ گوڕانکارییەک بەسەر شێوازی کاردنی خۆیدا ڕازی نەبوەو هەر بابەتێک لەسەر ئەم خاکە بە موڵکی خۆی زانیوەو ئەم مافەی بە خۆی داوە کە چۆن حەزو ئارەزوی بێت دەسەڵاتداری بکات بەبێ هیچ چاودێرییەکی پەرلەمانی و یاسایی و هەر دەنگێکی ڕاست کە گوترابێت ئەمە هەڵەیە خۆی لە کونجەکانی زیندان یان لە کۆڵانەکانی ئاوارەییدا بینیوە.

لەلایەکی ترەوە شتێکمان هەبو بە ناوی دەنگە ناڕازییەکان نەک ئۆپۆزسیۆن، چونکە ئۆپۆزسیۆن بنەمای دروستی سیاسیی خۆی هەیە، ناڕازییەکان لە ماوەی ئەم 33 ساڵەدا بەشداری هەڵبژاردنیان کردوەو زانیویانە کە لەم چەند کورسییەی كە ھەیانە زیاتر بەدەست ناهێنن بە جیاوازی یەک یا دو کورسی تێپەرناکات و بێ ئەوەی بتوانن گۆڕانكارییەك لە سودی جەماوەردا دروست بکەن، لەگەڵ ڕێزم بۆ هەمو لایەک، ناڕازییەکان تەنها مکیاجی دەم و چاوی دەسەڵات بون لە دەرەوەی وڵات، نە دەیانتوانی و نە لەمەش بەدوا دەتوانن هیچ شتێک لەسەر ئەرزی واقع بگۆرن، دەسەڵات نەبوە سیستمێک کە بەپێی دەستورو یاسایەک بجوڵێت بێجگە لە شێوازی وێنەكەی نەبێت.

 ناڕازییەکانیش تاکو ئێستا وەک دوکانێکی سیاسی لەبەردەم ئەم میللەتە وێنا کراون و هەندێک جار گوێمان لێبوەو بینومانە کە یاسا و بڕیارەکانی پەرلەمان لە بەرامبەر هێزی چەك و پارەدا لاواز بونەو زۆر بەڕاشکاوانە بەر گوێمان کەوتوە کە ئێمە حزبین و هەین بە کورسی بێ یان بێ کورسی، سەرۆک پەرلەمان نەیتوانی دوبارە لە سەر کورسییەکی دابنیشێتەوە.

پاش 33 ساڵ لەم دەسەڵاتە دەركەوتوەو دەردەکەوێت کە ئەمە نە حکومەتەو نە بنەمای حکومەتداری هەیە.

ئایا هەمومان نابینین و نازانین کە حکومەت نە پارەی لە دەستەو نە هێز لە ژێر فەرمانی خۆیەتی، بەهیچ شێوەیەك خاوەنی ئەم دو بابەتە نییەو هێزو پارە لە شۆێنێکی ترن.

 ئازیزان :

جەماوەری کوردستان پێکەوە ئەم راستییە باش دەزانێت و هەتا پێویستی بەم نوسینەی منیش نەبو، تەنها ویستم لە کوتاییدا ئەمە بڵێم  بارودوخی خەڵكی ئێمە لەم وڵاتەدا ئێستا ئەمەیەو بەم شێوەیەش دەمێنێتەوەو بەردەوام دەبێت، تاکو ئەم میللەتە بڕیارە دروستەکەی خۆی نەدات، لەم خۆ تەسلیم كردنە بێمەرجە بە دەسەڵات پاشگەز نەبێتەوەو مەرجەكانی نەتەوایەتی و ژیان و سەرفرازی و كەسایەتی خۆی نەكاتە نەخشەڕێگاو بە پێی یاسا بە سەر دەسەڵات دا نەسەپێنێت و نەیەوێت گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی لە شێوازی ژیان و دەڕونی خۆیدا دروست بکات { إِنَّ اللّهَ لاَ يُغَيِّرُ مَا بِقَوْمٍ حَتَّى يُغَيِّرُواْ ما بأنفسهم } ئەم قەیران و نەھامەتییە بەردەوام دەبن.

لە کۆتاییدا دەمەوێت زۆر ڕاشکاوانە لە گەڵتان بم و لە خزمەت ئێوە دا دەڵێم، لە هەمان کاتدا تەواوی هاوڕێیان و برایانی خۆم لە ماوەی ئەم دو ساڵەی کۆتاییدا و پێش ئێستاش لە گەڵمدا بون بە شاهید دەگرم و حەزدەکەم کە ویژدانیان دادوەر بێت و خوای گەورەش شاهیدە لە سەر قسەکانم کە هەمیشە گوتومەو لێرە جارێکی تر لە پێش میللەتەکەم و خوای گەورە چەند بارە دەکەمەوە، کە من نە هاتوم دەسەڵات لەهەر ئاستێكدا بێت لە سەرۆکایەتی هەرێم تا سەرۆكی حکومەت و هەر بەرپرسیاریەتێکی تر بگرمە ئەستۆ بەهیچ شێوەیەک ئامادەی ئەم کارە نیم، چونکە ئەمە پێچەوانەی باوەڕی من و ڕێنماییەكانی تەریقەتی نەقشەبەندییە، بەڵام لە گەڵ ئەم خەڵك و جەماوەرەدا دەمێنمەوە تاکو گەیشتن بە ئامانجەکان لە بەدەستهێنانی ڕێزو کەرامەتی کەسایەتی و ئازادی و مافە ئابوری و یاساییەکان لە وڵاتێکدا کە تەنها دەستور حاکم بێت و جیاوازی لەنێوان بەرپرس و هەژار و كوڕە بەرپرس و كوڕە هەژارێکدا نەکرێت.

ئەوکات خودا حافیزی دەکەم لە سیاسەت و وەک هەر ھاوڵاتییەك دەگەڕێمەوە بۆ پێگەی ڕاستەقینەی خۆم کە ھاوڵاتیبونە، لەم قوناغەشدا لەگەڵ جەماوەری خۆڕاگری كوردستانیانی خۆشەویستدا دەمێنمەوەو تاکو بزانین کێ خزمەت بە بۆچون و خواست و ویستەکانی ئەم گەلە دەکات و ئەو كات پشتیوانی و دەنگمان و دەنگی ئەوانەی متمانەیان بە ئێمە هەیەو بە قسەی ئێمە دەكەن بۆ ئەو  کاندیدو کەس و لیستە دەبێت کە بە خەمخۆر و دڵسۆزی ڕاستەقینەی دەزانین و پابەندی پرنسیپەکانی دادپەروەری و دیموکراتی و ئازادی و یەکسانی و دەبێت.

لە ماوەیەكی كەمی داھاتودا هەڵبژاردنێکی  بێگەرد کە بێگۆمان جیاواز دەبێت لە هەڵبژاردنەکانی ساڵانی پێش ئێستا ئەنجام ئەدرێت، بە باوەڕی من گۆڕانکارییەکی گەورە لە وڵاتدا دێتە دی کە دڵخوشکەر دەبێت بۆ ئەم میللەتە.

جارێکیتر یادی ڕاپەرین بەرز دەنرخێنین و سەری رێز بۆ شەهیدان دادەنەوێنین.

 براتان

ئەدهەم عوسمان شێخ ئەحمەد بارزانی

٦ـ٣ـ ٢٠٢٤

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×