ئەمڕۆ پێنجشەممە 7ی ئازاری 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دوای سەردانهكهی بۆ ئهمریكا گهیشتهوە هەولێر لهو ماوهیهى لهئهمریكا بوو نهیتوانیوه سهرۆكى ئهمریكاو جێگرهكهى ببینێت.
ئاوێنە: حكومهتی ههرێمی كوردستان له راگهیهندراوێكدا دهڵێت، "سەرۆکی حکومەت، لە واشنتن لەگەڵ بەرپرسانی باڵای کۆشکی سپی، کۆنگرێس، وەزارەتی دەرەوە، پنتاگۆن و وەزارەتی گەنجینە کۆبووەوە".
باسی لهوهشكردووه، سەرۆکی حکومەت هەروەها چاوی بە سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا جۆرج دەبلیو بوش کەوت.
هێمای بۆ ئهوهشكردووه، سەرۆکی حکومەت لە کۆبوونەوە و دیدارەکانیدا، دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی دۆخی گشتی عێراق و هەرێمی کوردستان و گرنگیی ڕێزگرتن لە قەوارەی دەستووری هەرێم و دابینکردنی مافە دەستوورییەکان و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان و پاراستنی مافی پێکهاتەکان و پرۆسەی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی کوردستانی لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی ئەمریکا تاوتوێ کردووه.
هاوكات ماڵپەڕی واشنتۆن فریی بیکۆن لەهەواڵێکدا بڵاویکردەوە، سهربارى مانهوهى بارزانى بۆ ماوهیهكى درێژ لهئهمریكا، ئیدارەی کۆشکی سپی ڕێگەی نەداوە بەکۆبونەوەی مەسرور بارزانیو جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکاو کامالا هاریسی جێگری، ئەوەش بەهۆی ئەوەی ئیدارەی ئەمریکا کاردەکات بۆ کۆبونەوەی داهاتوی ئیدارەکە لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ جۆ بایدن.