وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی رایگهیاند، ئەو ژنانەی بەهۆی کێشە کۆمەڵایەتییەکانەوە هەڕەشەیان لەسەرە و لە ناو شەڵتەرەکاندا دەمێننەوە لە دۆخێکی قورسدان و "وەکو ئەوە وایە لە زینداندا بن".
ئاوێنە: کوێستان محەمەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند، "ئەو ژنانەی لەناو شەڵتەرەکاندان ناچنە دەرەوە و هەڕەشە لەسەر ژیانیان هەیە، ئهگەر بچنە دەرەوە ڕەنگە بکوژرێن یاخود بڕفێنرێن، ئەوەش کاریگەری نەرێنی هەیە لەسەر لایەنی دەرونییان، چونکە ئەوان لەناو چوار دیواردا ژیان بەسەر دەبەن بێ ئەوەی تاوانیان ئەنجامدابێت".
ئەو وتیشی، "مانەوە لەناو شەڵتەرەکان کاریگەری لەسەر لایەنی دەرونی ژنە هەڕەشە لێکراوەکان جێدەهێڵێت، چونکە لەناو چوار دیواردا ژیان دەگوزەرێنن، ئەوانەی لەناو گرتوخانەکانی چاکسازیدان هەڵەیان کردوە، بەڵام ژنانی هەڕەشەلێکراو بێتاوان کەوتونەتە ئەو دۆخەوە".
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە هەرێمی کوردستان، ساڵی ڕابردو 2519 حاڵەتی لێدان و توندوتیژی بەرامبەر کچان و ژنان لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون.
کوێستان محەمەد وتی، "بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ژنان کە هەر 6 مانگ جارێک بڵاویدەکەنەوە، ڕێژەی توندوتیژی زیادیکردوە و هۆکارەکەشی بۆ تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و زیادبونی خەڵک دەگەڕێتەوە، ژنانیش هۆشیاربونەتەوە و توندوتیژیان لەدژ ئەنجامبدرێت بێدەنگ نابن و سکاڵا تۆماردەکەن".
بۆ داڵدەدانی ئەو ژنانەی دوچاری کێشە دەبنەوە و مەترسی لەسەر ژیان دروست دەبێت، سێ شەڵتەری هەمیشەیی لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەولێر و دهۆک کراونەتەوە، دو شەڵتەری 72 کاتژمێریش لە ناوچەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین کراونەتەوە کە تێیاندا ئەو کچ و ژنانە بە شێوەی کاتی دەهێڵرێنەوە کە توشی گرفت دەبن.
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ڕونیکردەوە، شەڵتەری سلێمانی زۆرجار 25 ژن، شەڵتەری هەولێر 55 بۆ 60 ژن و شەڵتەری دهۆکیش 20 ئافرەتیان تێدایە.
کوێستان محەمەد دەڵێت، "لەناو شەڵتەرەکاندا هەمو جۆرە خزمەتگوزارییەکان پێشکەشی ژنان و کچانی هەڕەشەلێکراو دەکرێن، توێژەری دەرونی و کۆمەڵایەتییان بۆ دابینکراوە بۆ چارەسەرکردنی دۆخی دەرونی و چارەسەرکردنی کێشەکانیان. پارێزەریشیان بۆ دەگرین".
دەشڵێت، "خزمەتگوزاری جلوبەرگ و پێداویستی و وەرزش و هەمو شتێکیان بۆ دابین دەکەین، بەڵام سیستەمی شەڵتەر وایە ناتوانن بڕۆنە دەرەوە و وەکو ئەوە وایە لە زینداندا بن".
دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان هێڵێکی گەرمی پەیوەندیکردنیان دابینکردوە، تا کچان و ژنانی هەڕەشەلێکراو بتوانن لە کاتی دروستبونی کێشە و مەترسی لەسەر ژیانیان پەیوەندییان پێوە بکەن.
گەرمەهێڵی 119 لە كۆتایی ساڵی 2018 لە لایەن حكومەتی هەرێمەوە دامەزراوە و 24 كاتژمێر و بێبەرامبەر بەردەستە.