لێدوانەكانی سودانی لەبارەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەر لە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی بون
  2024-03-07       495       

ئەو لێدوانانەی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كەناڵی "ئەلحەدث"ی داون لەبارەی پێدانی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەشێوەیەكی راستەوخۆ لەلایەن بەغداوەو ئەمڕۆ پێنجشەممە لەلایەن بەشێك لە میدیا كوردییەكان بڵاوكراونەتەوە، مێژوەكەیان بۆ مانگێك لەمەوبەر دەگەڕێتەوەو بەر لە بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدراڵی عێراقن سەبارەت بە موچەی موچەخۆرانی هەرێم.

ئاوێنە: بەگوێرەی بەدواداچونەكانی ئاوێنە، لێدوانەكانی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بەشێكن لە چاوپێكەوتنێك كە رۆژی 6ی 2ی 2022 لەلایەن كەناڵی "الحدث" لە بەغدا لەگەڵی ئەنجامدراوە، بەشێك لە چاوپێكەوتنەكە رۆژی 7ی 2ی 2022 لەلایەن كەناڵەكەوە بڵاوكراوەتەوە. 

سودانی لە چاوپێكەوتنەكەدا لەبارەی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان رایگەیاندوە، شتێك نییە ناوی موچەی موچەخۆرانی هەرێم بێت لە یاسای بودجەدا رێژەی لەسەدا 12.67 لە خەرجی گشتی دەردەهێنرێت و دەدرێت بە هەرێم.

سەرۆك وەزیرانی عێراق وتوشیەتی، ئەمانە دەسەڵاتی دەستوریین. ئەوە سەڵاحیەتی هەرێمی كوردستانە كە لەسەدا 12.67ی بودجەی پێ بدرێت و خۆی دابەشی بكات بۆ موچە، بۆ پڕۆژە یان بەو جۆرەی كە خۆی دەیەوێت، چونكە هەرێمی كوردستان خۆی پەرلەمان و حكومەتی خۆی هەیە.

سودانی ئەوەشی خستۆتەڕو، بۆیە پێموایە هەڵەتێگەیشتنێك لەبارەی سەڵاحیەتەكانی هەرێمی كوردستانەوە هەیە، چونكە ئەگەر بوترێت پێویستە بەغدا بەشێوەی راستەوخۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بدات، ئەوكات قەوارەیەك بە ناوی هەرێمی كوردستان نابێت. ئەگەر هەرێم ئەمە قبوڵ بكات، ئەوا ئێمە لە سبەینێوە یاساكە هەموار دەكەین و موچە بەشێوەیەكی راستەوخۆ لە وەزارەتی دارایی عێراقەوە دەدەین. بۆیە ئەمە پێویستی بە رونكردنەوەیە چونكە ئەو پرسە، پرسێكی یاسایی و دەستورییە.

هەروەها وتوشیەتی، بەڵام ناردنی پارە بۆ هەرێمی كوردستان، ئەوە توشی كێشە ببو، چونكە لەپاڵ ئەوەدا پابەندبون هەیە، دوای ئەوەی لەم مانگی كانونی دوەمەوە حكومەتی هەرێم پابەندبوە، ئێمە دەستمان كردوە بە ناردنی پارە بۆ هەرێم و من دڵنیام ئەمە بۆ ئەمساڵ بەردەوام دەبێت.

ئەو لێدوانانە لەكاتێكدان كە رۆژی 21ی مانگی رابردو، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیاریدا موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لەڕێگەی بانكە فیدراڵییەكانەوە بە بانكی بكرێت و مانگانە هاوشێوەی موچەخۆرانی دیكەی عێراق، موچەی موچەخۆرانی هەرێم لەلایەن عێراقەوە دابین بكرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×