وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق: کیلۆیەک گۆشتی سوور بۆ 15 هەزار دینار دادەبەزێت
  2024-03-11       223       

وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق جەخت لە بەردەوامبوونی ڕێکارەکانیان بۆ دابەزاندنی نرخی گۆشت دەکاتەوە و بەرپرسێکی وەزارەتەکەش دەڵێت، کیلۆیەک دەبێت بە 12-15 هەزار دینار.

وەلید محەمەد، بەڕێوەبەری فەرمانگەی سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بە ڕۆژنامەی سەباحی ڕاگەیاند، خاوەن ئاژەڵەکان هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی گۆشت بۆ گرانبوونی ئالیک دەگەڕێننەوە، بەڵام ئەوە پاساو نییە، چونکە ئەگەر کیلۆی گۆشت بە 10 هەزاریش بفرۆشن هێشتا هەر قازانجیان بۆ دەکات.

وەلید محەمەد هۆکاری ڕاستەقینەی نرخی گۆشتی گەڕاندەوە بۆ قۆرخکاری خاوەن ئاژەڵەکان و ئاماژەی دا بەوەی ئەم دیاردەیە لەگەڵ نزیکبوونەوە لەگەڵ بۆنەکانی وەک ڕەمەزان، جەژنەکانی ڕەمەزان و قوربان و سەردانی  عاشورا زیاد دەکات و ژمارەیەکی زۆر ئاژەڵ گل دەدەنەوە.

بەرپرسەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ ئەوەی خستەڕوو کە کۆمەڵێک ڕێکاریان بۆ دابەزاندنی نرخی گۆشت گرتووتەوە بەر، گرنگترینیشیان ڕێگەدان بوو بە هاوردەکردنی 65 هەزار گوێرەکە کە گەیشتوونەتە عێراق، هەروەها هێنانی 19 هەزاری دیکە لە بەرازیلەوە.

ڕوونیشیکردەوە کە ئەو ئاژەڵانە بەسەر بەسڕە، نەجەف، بەغدا و میساندا دابەش کراون و بەم زووانە ئاژەڵی دیکەش هاوردە دەکرێت.

لەو بڕوایەشدابوو کە بەم نزیکانە نرخی گۆشت بۆ 12-15 هەزار دینار دابەزێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×