دادگای فیدراڵی: تەوتینكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم پێویستی بە كاتە
  2024-03-12       471       

دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لە رونكردنەوەیەكی نوێدا رایگەیاند، لەو سۆنگەیەوە كە پڕۆسەی تەوتینكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم پێویستی بە كاتی تەواوە، بۆیە دەبێت هەردو وەزارەتی دارایی فیدراڵ و هەرێم پەلەبكەن لە بەجێگەیاندنی پڕۆسەكەو ئەو موچانەشی دەمێننەوە تاوەكو تەواوكردنی پڕۆسەكەو تەوتینكردنیان، دەبێت بەشێوەی كاش خەرج بكرێن.

ئاوێنە: دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، لە رونكردنەوەیەكی نوێدا بە ئاماژەدان بە نوسراوێكی وەزارەتی دارایی فیدراڵی لەبارەی خەرجكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كودستان رایگەیاند، بەپشتبەستن بە نوسراوەكەی وەزارەتی دارایی، ئەوە رونە كە میكانیزمی تەوتینكردنی موچە، پێویستی بە ماوەیەكی زەمەنییە، بۆیە ئەركی حكومەتی هەرێمی كوردستانە كە لەمڕوەوە هاوكارو هەماهەنگ بێت لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدراڵ.

هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە كە ئامانج لە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی بۆ پڕۆسەی تەوتینكردنی موچە، گەرەنتیكردنی مافی موچەخۆرانە لە هەرێم و پاراستنی قوتی فەرمانبەران و هێنانەدی دادپەروەری كۆمەڵایەتییە.

دادگای فیدراڵی وتوشیەتی، لەو سۆنگەیەوە كە پڕۆسەی تەوتینكردنی موچە، پێویستی بە ماوەیەكی زەمەنی تەواوە بۆ جێبەجێكردنی، بۆیە دەبێت وەزارەتی دارایی فیدراڵ و وەزارەتی دارایی و ئابوریی حكومەتی هەرێم، پەلەبكەن و هەوڵەكانیان بخەنەگەڕ بۆ بەجێگەیاندنی پڕۆسەی تەوتینكردن و دەبێت موچەی ئەو فەرمانبەرانەی كە بەهۆكاری تەكنیكی، تەوتینكردنی موچەكانیان پێی دەچێت، بەشێوەی كاش بدرێت تا ئەو كاتەی پڕۆسەی تەوتینكردن كۆتایی دێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×