پەرلەمانی عێراق و بانکى ناوەندى لەبارەی بەهای دینار كۆبوونەوە
  2024-03-14       141       

ئەمڕۆ لیژنەی دارایی پەرلەمانى عێراق میوانداری پارێزگاری بانكی ناوەندی عێراقی كرد و کۆبونەوە و تێیدا هەردوولا تاوتوێی ڕێكارەكانی بەرز كردنەوەی نرخی دیناریان بەرامبەر بە دۆلار كرد، هەردوولا خواستی خۆیان دەربڕی بۆ هەماهەنگی زیاتر بە مەبەستی بەرزكردنەوەی بەهای دینار و كۆنترۆڵكردنی بازاڕ.

بەشی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق لە بارەی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی لیژنەی دارایی پەرلەمان لەگەڵ عەلی عەلاق پارێزگاری بانكی ناوەندی ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، ئەمڕۆ لیژنەی دارایی پەرلەمانى عێراق بە سەرۆكایەتی عەتوان عەتوانی، بە ئامادەبوونی ئەندامانی لیژنەكە لەگەڵ عەلی عەلاق پارێزگاری بانكی ناوەندی عێرق كۆبوونەوە و تێیدا تاوتوێی سیاسەتی دراو و سیستەمی بانكی لە وڵات و ڕێگاكانی زیادكردنی بەهای دیناری عێراق كرا.

دەشڵێن، لە سەرەتایی كۆبوونەوەكەدا سەرۆكی لیژنەی دارایی جەختی لە گرنگی بەدواداچوون بۆ دۆسێیەی ئابووری و سیاسەتەكانی دراو كردەوە، لەسەر بنەمای چاودێریی و دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ ئاستەنگەكانی بەردەم كاری بانكی.

ئاماژە بەوەشكراوە، لیژنەی دارایی هیوای هەماهەنگی زیاتری لەگەڵ بانكی ناوەندی خواست، بە مەبەستی بەرزكردنەوەی بەهای دیناری عێراقی و كۆنترۆڵكردنی بازاڕ بە مەبەستی كەمكردنەوەی بارگرانیی هاووڵاتیان و چارەسەركردنی كورتهێنان.

لای خۆیەوە عەلی عەلاق پارێزگاری بانكی ناوەندی عێراق ئاماژەی بە دانانی ڕێساییەكی بنەڕەتی كرد، بە مەبەستی چاودێریكردنی پرۆسەی حەواڵەكردنی دراوەكان، هەروەها سوپاسی ڕۆڵی لیژنەی دارایی كرد، سەبارەت بە بەدواداچوونیان لەسەر كارە دارایی و ئابوورییەكانی عێراق.

لە كۆتایدا لیژنەكە لەگەڵ پارێزگاری بانكی ناوەندی تاوتوێی پێوەرە نێودەوڵەتییە پەسەندكراوەكان و پلانەكانی داهاتوویان كرد، بە مەبەستی باشتركردنی دۆخی بانكەكان و فراوانكردنی پەیوەندییەكان لەگەڵ بانكە نێودەوڵەتییەكان و داڕشتنی هەیكەلی بانكەكان، هەروەها هەنگاونان بەرەو پرۆسەی بە ئەلیكترۆنیكردنی.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×