سه‌در: كشانه‌وه‌یان له‌په‌رله‌مان بۆ ئه‌وه‌بوو پشتیوانی له‌گه‌نده‌ڵكاران‌و خراپه‌كاران نه‌كه‌ین
  2024-03-17       307       

موقته‌دا سه‌در سه‌رۆكى ڕه‌وتى سه‌در په‌یامێك بڵاوده‌كاته‌وه‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "كشانه‌وه‌یان له‌په‌رله‌مان بۆ ئه‌وه‌بوو پشتیوانی له‌گه‌نده‌ڵكاران‌و خراپه‌كاران نه‌كه‌ن".

موقته‌دا سه‌در سه‌رۆكی ڕه‌وتی سه‌در له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا ستایشی بنكه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كه‌یانی كرد كه‌ وه‌ك خۆی ده‌ڵێت، "گوێڕایه‌ڵ‌و پابه‌ندی فاتیمه‌ی زه‌هرا ـ درودی خوای له‌سه‌ربێت، بون‌و ئه‌وانه‌شی به‌رگریان له‌قورئان كردو پشتیوانی چاكسازیی بون‌و دژی بێدینی‌و هاوڕه‌گه‌زخوازی وه‌ستانه‌وه‌".

سه‌رۆكی ڕه‌وتی له‌و په‌یامه‌دا نوسیویه‌تى، "نابێت بنكه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كه‌یان پشتگوێبخرێت، به‌ڵكو ده‌بێت هه‌وڵبدرێت زیاتر خزمه‌تبكرێت نه‌خاسمه‌ له‌ڕوی كۆمه‌ڵایه‌تی، كولتوری‌و زانستییەوەو پەیوەندییان لەگەڵدا به‌رده‌وامبێت، هه‌روه‌ها جومگه‌كانی ڕه‌وته‌كه‌مان ئاراسته‌كردوه‌ به‌خزمه‌تكردنی بنكه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كه‌یان، هه‌ركه‌سیش بنكه‌ی جه‌ماوه‌رییان پشتگوێبخات‌و گرنگییان پێنه‌دا سزای ده‌ده‌ین".

موقته‌دا سه‌در وتویه‌تى، "بنكه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كه‌یان جێگه‌ی ڕێزه‌و دوای كشانه‌وه‌ی ڕه‌وته‌كه‌یان له‌په‌رله‌مان ئارامی گرت‌و سه‌لماندی دڵسۆزی ڕه‌وته‌كه‌یانن سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی دوژمن گره‌وی له‌سه‌ر په‌رته‌وازه‌ییان ده‌كرد، سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش ڕاكێشاوه‌، كشانه‌وه‌یان له‌په‌رله‌مان بۆ ئه‌وه‌بوه‌ پشتگیریی له‌گه‌نده‌ڵكاران‌و خراپه‌كاران نه‌كه‌ن".

ڕۆژی 29ی ئابی 2022 سەدر لەتویتێکدا ڕایگەیاند، "دەستبەرداربونی خۆم لەکاری سیاسی ڕادەگەیەنم، سەرەڕای دەستبەرداربونم لەکاری سیاسی، نەجەف هەردەم وەك مەرجەعی گەورە دەمێنێتەوە".

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×