هاوسەرۆكی دەم پارتی بۆ دەسەڵاتدارانی توركیا: تێچوی شەڕ لە ئاشتیدا خەرج بكەن
  2024-03-21       453       

تونجەر باقرخان هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی، لە ئاهەنگی نەورۆزی ئامەد داوای لە کوردانى هەر چوار پارچەی کوردستان کرد یەکێتی نەتەوەیی پێکبهێنن، دەشڵێت: ئەوە سێ ساڵە سیاسەتی گۆشەگیری بەڕێوەدەبەن، ناتوانن ئیرادەی ملیۆنان کەس گۆشەگیر بکەن و داواشی لە دەسەڵاتدارانی توركیا كرد، تێچوی شەڕ لە ئاشتی و دانوستاندا خەرج بکەن.

ئاوێنە: ئاهەنگی نەورۆزی ئامەد بە دروشـمی “ڕاپەڕە کاتی ئازادی و سەرکەوتنە” بەڕێوەچو، تونجەر باقرخان هاوسەرۆکی گشتیی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) لە ئاهەنگەکەدا قسەی کرد و نەورۆزی لە سەدان هەزار ئامادەبو پیرۆزکرد.

باقرخان تیشکی خستەسەر نەخشەڕێگای ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە نەورۆزی 2013 و وتی: ئەو نەخشەڕێگایە، نەخشەڕێگای ژیانێکی دیموکرات و ئاشتیانە و یەکسانی 86 ملیۆن هاوڵاتیی تورکیا بو،  بەداخەوە کەسانی شەڕخواز دوژمنایەتی کوردان دەکەن، تاوەکو ئاشتی نەگاتە ئەم وڵاتە نەخشەڕێگاکەیان قبوڵ نەکرد.

وتیشی: وەک دەم پارتی پشتیوانی نەخشەڕێگاکەی ئۆجەلان-ین، بەم بۆنەیەوە، نەورۆزی ئۆجالان و هاوڕێیانی لە زیندانی ئیمراڵی پیرۆز دەکەین.

لە درێژەی قسەکانی باقرخان ئاماژەى بەوەکرد، ئەوە سێ ساڵە سیاسەتی گۆشەگیری بەڕێوە دەبەن، ناتوانن ئیرادەی ملیۆنان کەس گۆشەگیر بکەن، ناتوانن داوای ئاشتی و دیموکراسی ملیۆنان کەس بخەنە گۆشەوە، وتیشی: باشترە گوێ لە داخوازی ئەو ملیۆنان کەسە بگرن. پێتان دەڵێین، لەبری شەڕ، چارەسەر هەڵبژێرن، ئەگەر ناونیشانی چارەسەرتان دەوێت، زۆر نزیکە، لە دورگەی ئیمراڵیە.

باقرخان ئەوەى خستەڕو، ئەوان لە گفتوگۆ و دانوستان هەڵدێن و ئیرادەی چارەسەر گۆشەگیر دەکەن، سیاسەتمەدارانی کورد دەخەنە زیندان و ئۆپەراسیۆنی سەربازی دەست پێ دەکەن، داوای کرد تێچوی شەڕ لە ئاشتی و دانوستان سەرف بکەن.

هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی داوای کرد هاوپەیمانی کورد و تورک زیندو بکرێتەوە، لایەنە جڤاکییەکان بۆ ئاشتی و دیموکراسی تێبکۆشن، ڕوی کردە ئەوانەی زمانی کوردی بە زمانی “نەناسراو و زمانی تیرۆریستان” دەزانن و وڵاتی کوردان بە “تیرۆریسستان” ناودەبەن و وتی: “ناچارن ڕاستی کورد و ڕاستی کوردستان تێبگەن و دانی پێدا بنێن."

هاوکات هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی بانگەوازی لە لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان کرد نەکەونە ژێر فشاری دەسەڵات و خاوەنداری زیاتر لە پرسی کورد بکەن، پاشان بانگەوازی لە هەمو کوردێک کرد و  ڕایگەیاند: ئەوان بە هەمو بستێکی کوردستان دەڵێن “تیرۆریستان”  لە سلێمانی تا دهۆک و کۆبانێ، لە هەر چوارپارچەی کوردستان تۆپ دەبارێنن، واتە دوژمنی هەر چوار پارچەی کوردستانن، بانگەواز لە کوردانی چوار پارچەی کوردستان دەکەم، ئەگەر ئەمڕۆ ڕۆژی یەکێتی نەتەوەیی نەبێت، ئیتر کەیە؟

هەروەها جەختیکردەوە، ئەگەر یەکێتی خۆیان بنیات بنێین، دەتوانین ڕێگە لە ئۆپەراسیۆن و شەڕی دژی کوردان بگرین، پێویستە کورد یەکێتی خۆی بنیات بنێت و ئاستەنگەکانی بەردەمی هەڵبگرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×