مالیكی: بارزانی دڵنیایی پێدام كە لە هەڵبژاردنەكانی هەرێم ناكشێنەوە
  2024-03-22       602       

نوری مالیكی، سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، رایگەیاند، لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی قسەی كردوەو بارزانی دڵنیایی داوە كە لە هەڵبژاردنەكانی هەرێم ناكشێنەوە بەڵكو چاوەڕێی تەفسیرن بۆ بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی و بارزانی پێی وایە هەندێك لە بڕیارەكان، مافەكانی گەلی كورد زەوت دەكەن. مالیكی دەشڵێت، ئەم كێشەیە بەمزوانە چارەسەر دەكرێت.

ئاوێنە: نوری مالیكی، لەمیانی چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی "سومەریە"، رایگەیاند، دادگای فیدراڵی زامنی پڕۆسەی سیاسییە لەچوارچێوەی دەسەڵاتەكانی خۆیداو دامەزراوەیەكی بێلایەن و دانایەو كار لەسەر چارەسەركردنی كێشە سیاسییەكان لەنێوان لایەنە ناكۆكەكان دەكات و دەبێت رێز لە بڕیارەكانی بگیرێت.

وتیشی، دادگای فیدراڵی هەڕەشەی بۆ سەر كەس نەبوەو تۆمەتباركردنی بەبێ بەڵگە كارێكی دروست نییە.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا، مالیكی وتی، كشانەوەی رەوتی سەدر لە پەرلەمان و حكومەت بەواتای كشانەوەی نییە لە پڕۆسەی سیاسی و ئەو پێشوازی دەكات لەوەی لەگەڵ رەوتی سەدر دیدارییان هەبێت.

هەروەها وتوشیەتی، ئەو لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەدا نییە، چونكە "سودێكی وای نییە" و ئەو پرسەش لەنێو كۆبونەوەكانی چوارچێوەی هەمانگی شیعەكاندا تاوتوێ نەكراوە.

نوری مالیكی لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا لەبارەی كێشەكانی نێوان بەغداو هەولێر وتویەتی، لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی قسەم كردوە، ئەو داوای كرد لەچوارچێوەی دەستوردا مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستان بكرێت و ئێمەش جەختمان كردەوە كە پابەندین بەوەوە.

مالیكی وتوشیەتی، بارزانی دڵنیایی دا كە لە هەڵبژاردنەكانی هەرێم ناكشێنەوە بەڵكو چاوەڕێی تەفسیرن بۆ بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی.

سەرۆكی دەوڵەتی یاسا ئەوەشی خستۆتەڕو، بارزانی پێی وایە هەندێك لە بڕیارەكان، مافەكانی گەلی كورد زەوت دەكەن، بەڵام بەهیچ شێوەیەك ناكرێت گەلی كورد پەراوێز بخرێت و رۆڵی نەهێڵرێت. وتوشیەتی، ئەم كێشەیە بەمزوانە چارەسەر دەكرێت.

نوری مالیكی جەختیشی كردۆتەوە كە چوارچێوەی هەماهەنگی بەگوێرەی رێككەوتنێكی سیاسی نێوان سەرجەم لایەنەكانی نێو هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت، ئەم حكومەتەی ئێستای پێكهێناوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×