لە دادگای فیدراڵی سكاڵا لەسەر نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی و وەزیری ناوخۆی هەرێم تۆماردەكرێت
  2024-03-22       477       


وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق دەڵێت، هەرێمی کوردستان رێگری لە گەڕانەوەی پەنابەران دەکات و بۆ ئەوەش لە دادگای فیدراڵی سکاڵا لەسەر سەرۆكی هەرێم، سەرۆكی حكومەت و وەزیری ناوخۆی هەرێم تۆمار دەکات.

ئاوێنە: بڕیارە دادگای فیدراڵیی عێراق رۆژی یەکشەممە 31ـی ئەم مانگە تاوتوێی سکاڵایەکی ئیڤان فایەق جەبرۆ، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بکات کە لە دژی هەریەک لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە.

سکاڵاکار داوا دەکات دادگا ئەو کێشەیە یەکلایی بکاتەوە کە لە ئەنجامی جێبەجێکردنی بڕیاری ژمارە 24007ـی ساڵی 2024ـی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە دروست بوە و ئەو کەسانەی سکاڵایان لەسەر کراوە بە جێبەجێبکردنی بڕیارەکە پابەند بکرێن.

سکاڵاکار داواش دەکات ئەوانەی سکاڵایان لەسەر تۆمار کراوە رەزامەندبن بە جێبەجێکردنی بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق و وردەکارییەکانی و ئاوارەکان کە لە هەرێمی کوردستانن بگەڕێننەوە بۆ زێدی خۆیان کە بەلای ئەو وەزیرەوە "هەرێمی کوردستان رێگری لە گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان دەکات،" بەڵام هەرێمی کوردستان ئەمە رەتدەکاتەوە.

لەبارەی گەڕاندنەوەی ئاوارەکان و بڕیاری داخستنی کەمپەکان، پیر دەیان جەعفەر، بەڕێوەبەری فەرمانگەی كۆچ و كۆچبەران و وڵامدانەوەی قەیرانەكانی هەرێمی کوردستان لە دهۆک، بە روداوی وتوە"هەرێمی کوردستان رێگری لە گەڕاندنەوەی ئاوارەکان ناکات، بەڵکو ئاوارەکان خۆیان ناگەڕێنەوە، هۆکارەکانیش زۆرن، لە سەرویانەوە کەمیی ئەو بڕە پارەیەی بۆ گەڕانەوە بە ئاوارەکان دەدرێت کە تەنیا چوار ملیۆن دینارە."

لەبارەی هۆکاری دیکەش وتویەتی"پێنەدانی ئەو پارەیەی بە ئاوارەکانی دەرەوەی کەمپەکان دەدرێت، نەبونی خزمەتگوزاری و ئاسایش لەو ناوچانەی ئاوارەکانیان بۆ دەگەڕێننەوە، دەستەبەرکردنی ئەمانە داواکاریی ئاوارەکانن و پێویستن بۆ گەڕانەوەیان." 

پیر دەیان جەعفەر ئاماژەی بەوە دا: "تەنیا لە پارێزگای دهۆک 15 کەمپی ئاوارەکان هەن کە 25 هەزار و 600 خێزانیان تێدایە، جگە لەوەش 37 هەزار و 800 خێزانی دیکەی ئاوارە لە دەرەوەی کەمپەکان دەژین."

ئەو بەرپرسەی هەرێمی کوردستان لەبارەی پڕۆسەی گەڕانەوەی ئاوارەکان و داخستنی کەمپەکانەوە وتویەتی"لەو وادەیەی بۆ داخستنی کەمپەکان دیاریکراوە کە 30ـی حوزەیرانی ئەم ساڵە، کەمپەکان داناخرێن."

لەبارەی هۆکارەکەیشەوە ئەوەی خستۆتەڕو"چونکە ساڵی رابردو تەنیا هەزار خێزان گەڕاونەتەوە، جگە لەوە هێشتا گەڕانەوە لە ناوچەکانەوە بۆ کەمپەکان بەردەوامە."

رۆژی 23-1-2024، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیارێکی 16 خاڵیی سەبارەت بە ئاوارەکان دەرکرد، لەنێویاندا دابینکردنی پێداویستیی ئاوارەکانی گەڕاوە بۆ ناوچەکانی خۆیان، رۆژی 30ـی مانگی حوزەیرانی ئەم ساڵیش دوا وادە بێت بۆ داخستنی سەرجەم کەمپەکان و گەڕانەوەی ئارەزومەندانەی ئاوارەکان.

بۆ ئەو مەبەستەش بڕیاردرا لیژنەیەک لە وەزارەتەکانی کۆچ و کۆچبەران، پەروەردە، تەندروستی و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ داخستنی ئەو دۆسیەیە پێکبهێندرێت.

 

 



 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×