"ناوەڕاستی هەفتەی داهاتو دەست بە دابەشكردنی موچەی مانگی دو دەكرێت"
  2024-03-22       314       

میدیای رەسمی بزوتنەوەی گۆڕان بڵاویكردەوە، لە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتو وەزارەتی دارایی هەرێم دەست بە دابەشكردنی موچەی مانگی 2 دەكات و لەماوەی یەك هەفتەدا موچەی سەرجەم وەزارەت و فەرمانگەكان دابەش دەكرێت.

ئاوێنە: میدیای رەسمی بزوتنەوەی گۆڕان، ئەمڕۆ هەینی بڵاویكردەوە، دوای ئەوەی هەرێمی کوردستان داوای پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانەی کرد کە بۆ موچەی مانگی شوبات بۆی دروست ببو، سەرۆک وەزیرانی عێراق بەڵێنی داوە کێشەکە چارەسەر بکات و بۆ ئەو مەبەستەش نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق داوای لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کردوە بۆ چارەسەری کێشەی موچەی هێزە ئەمنییەکان، پێویستە هەرێمی کوردستان تەنیا کۆدی هێزە ئەمنییەکان بنێرێت تا پارەکەیان بۆ خەرجبکرێت.

ئاماژە بەوەشدراوە، رۆژی چوارشەممە وەزارەتی دارایی دەستیکردوە بە ئامادەکردنی کۆدی هێزە ئەمنییەکان و رۆژی پێنجشەممە لیستی کۆدی سەرجەم هێزە ئەمنییەکانی رەوانەی بەغدا کردوە.

ئەوەش خراوەتەڕو، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق خۆی چاودێری پڕۆسەکە دەکات و بەڵێنی داوە سەرەتای هەفتەی داهاتو تەواوکاری ئەو پارەیەی هێزە ئەمنییەکان رەوانەی هەرێم بکات، کە لە لیستی موچەی مانگی شوبات پارەیان بۆ نەهاتوە.

هاوکات، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێم بە میدیای رەسمی گۆڕانی راگەیاندوە؛ بە گەیشتنی پارەکە، ناوەڕاستی هەفتەی داهاتو دابەشکردنی موچەی مانگی شوبات دەستپێدەکەن و لەماوەی یەک هەفتەدا موچەکە دابەشدەکەن.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×