بافڵ تاڵەبانى پشتیوانى خۆى بۆ دادگاى فیدراڵى ڕاگەیاند
  2024-03-22       361       

سەرۆکى یەکێتى ڕایگەیاند، پشتیوانی خۆمان بۆ بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و ڕۆڵی لە پاراستنی دەستوور، دادپەروەری و سیستمی دیموکراسی دووپات دەکەینەوە و دەشڵێت: هەموو ناوزڕاندن و مامەڵەیەکی خراپ بەرامبەر دادگای باڵای فیدراڵی رەتدەکەینەوە .

بافڵ تاڵەبانى، سەرۆکى یەکێتى نیشتمانى کوردستان لەبارەى دادگاى باڵاى فیدراڵى عێراقەوە ڕاگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە و دەڵێت: سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری یەکێکە لە پایە بنەڕەتییەکانی سیستمی دیموکراسی و رەوتی حوکمڕانی وڵاتانی پێشکەوتوو. چەسپاندنی سەروەری یاسا و دادپەروەری لە پایەکانی سەقامگیری سیاسی و کۆمەڵایەتین کە زامنی مافی هاووڵاتیان و کۆمەڵگەیە لە عیراق و هەرێمی کوردستان.

لە ڕاگەیەندراوەکەى سەرۆکى یەکێتیدا هاتووە، لە کاتێکدا ئێمە پشتیوانی خۆمان بۆ بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و ڕۆڵی لە پاراستنی دەستوور، دادپەروەری و سیستمی دیموکراسی دووپات دەکەینەوە، هەموو ناوزڕاندن و مامەڵەیەکی خراپیش رەتدەکەینەوە بەرامبەر دادگای باڵای فیدراڵی، کە دادگایەکی سەربەخۆ و پیشەییە کە بەشداری کارایە لە پاراستنی سیستمی سیاسی لە عیراقدا و پاراستنی سەربەخۆیی ئەوەش لەقوڵایی ئەرکە دەستووریی و نیشتمانییەکانە.

بافڵ تاڵەبانى دەشڵێت: دەسەڵاتی دادوەری عیراقی بە سەربەخۆییەکەی ناسراوە و رێزگرتن لەوسەربەخۆییەش رەنگدانەوەی پێشکەوتنی کۆمەڵگەیە و فاکتەرێکی گرنگە کەهاوڵاتیان لەسایەیدا هەست بەسەقامگیری، ئاسایش، ئۆقرەیی و زامنی مافەکانیان دەکەن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×