د.نەرمین مەعروف: درەنگ دابەشكردنی مووچەی مانگی دوو كێشە بۆ مووچەی مانگی سێ‌ دروست دەكات
  2024-03-22       329       

ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژە بەوەدەكات درەنگ دابەشكردنی مووچەی مانگی دوو كێشە بۆ ئامادەكردنی ڕاپۆرتە داراییەكانی مووچەی مانگی سێ‌ دروست دەكات، جەختیش دەكاتەوە كە وەزیری دارایی عێراق ئەوەی بە بەرپرسانی هەرێم وتووە كە ناردنی مووچەی مانگی سێ‌ پەیوەستە بە دروستكردنی هەژماری بانكی لە بانكە فیدراڵییەكانی عێراق.

د.نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە میدیایەکی یەکێتی ڕاگەیاند: ئەو پارەیەی كە لەبەغداوە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم نێردراوە دەبوو هەرزوو دابەشبكرایە چونكە ئەوە پارەی مووچەیە و مافی خەڵكی كوردستانە، لەهەمان كاتیشدا درەنگ دابەشكردنی مووچەی مانگی شوبات كاریگەری دەبێت لەسەرئامادەكردنی ڕاپۆرتە داراییەكان بۆ مووچەی مانگی ئازار.

ئاماژەی بەوەشكرد، بابەتی بلۆككردنی ئەو پارانەی كە لەلایەن بەغداوە بۆ هەرێم نێردراون ئەگەرێكی دوورە، چونكە بەوتەی وەزارەتی دارایی هەرێم ئەو پارەیەی نێردراوە بەشی مووچەی سەرجەم فەرمانبەران ناكات، بۆیە بابەتی درەنگ دابەشكردنی مووچە ئەو مافە نادات بە بەغدا بۆئەوەی ئەو پارەیەی بۆ هەرێمی ناردووە بیكشێنێتەوە یاخود بلۆكی بكات، هاوكات وەزارەتی دارایی عێراق ئەوەی بە بەرپرسانی هەرێم ڕایگەیاندووە كە بۆ مووچەی مانگی ئازار تەنها لە رێگەی كارتی بانكییەوە مووچە دەدەن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×