ستران عەبدوڵا: نە تەخوین و نە تەوهین، نابنە ئەلتەرناتیفی تەوتین
  2024-03-23       652       

ستران عەبدوڵا، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی لە دوای راگەیەندراوەكەی دوێنێی وتەبێژی حكومەتی هەرێم، دەڵێت، "سەد پێچە بە دەورە بكەن…خەڵك هەم موچەی دەوێ، هەم هەڵبژاردن." دەشڵێت"نە تەخوین، نە تەهوین و نە تەوهین، نابنە ئەلتەرناتیفی (تەوتین)."

ئاوێنە: ستران عەبدوڵا، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی، ئەمڕۆ شەممە، لە هەژماری خۆی لە فەیسبوك لە پەیامێكدا نوسیویەتی"سەد پێچە بە دەورە بكەن و دوژمنی وەهمی دروست بكەن و ناو و ناتۆرەی زبر دابتاشن. خەڵك هەم موچەی دەوێ، هەم هەڵبژاردن.. هەم نانی گەرەكەو هەمیش ئازادی."

وتوشیەتی"وێرای قوربانی و سەبری ئەیوبی، گەلەكەمان هوشیارەو هیچ مافێكی ناخاتە بری ئەویتریان. هەردوكیان، بگرە هەمویانی پێكەوە دەوێت."

ئەو ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتی ئەوەشی خستۆتەڕو"جاران خەڵك، بەشێنەیی و لە دۆخی نۆرماڵی ژیان، دەیتوانی پۆلێنكردنیان یان قۆناغبەندكردنیان قبوڵ بكات و لێی تێبگات، یان چاوپۆشی لە پاش و پێشكردن و كاڵوكرچییەكەی بكات، بەڵام ئێستا مادام تێكەڵكردنی كاغەزەكان وای لێهات وەختی زۆرو رەنجی فرە بە خەسار بچێت، ئیدی كۆمەڵانی خەڵك كاتی زۆریان نەماوە، هەمویان، هەمو مافەكانیان، پێكەوە دەوێت."

ستران عەبدوڵا وتوشیەتی"نە تەخوین، نە تەهوین و نە تەوهین، نابنە ئەلتەرناتیفی (تەوتین). خەڵك لەو سەری دێتەوە."

ئەوە لەكاتێكدایە كە دوای ئەوەی دوێنی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی لە پەیامێكدا پشتیوانی خۆی بۆ بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی راگەیاند، پێشه‌وا هه‌ورامانی‌، وته‌بێژی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان راگه‌یه‌ندراوێكی‌ به‌ناوی‌ "له‌باره‌ی مه‌حكه‌مه‌ی ناده‌ستوری و نا فیدراڵی!" بڵاوكرده‌وه‌و تیایدا هاتبو‌ "ئێمه‌ هه‌مومان له‌گه‌ڵ سه‌روه‌ری یاساو دادگایه‌كی بێ لایه‌ن و ده‌ستورین. به‌ڵام تا ئێستا به‌ پێی ده‌ستور، عێراق دادگایه‌كی ده‌ستوری نییه‌ و ئه‌و دادگایه‌ به‌ نا ده‌ستوری به‌رده‌وامه‌و  بڕیاره‌كانیشی نا یاسایی و نا ده‌ستورین".

پێشەوا هه‌ورامانی‌ وتبوشی "ئه‌وانه‌ی له‌ كوردستان پشتگیری ئه‌م دادگایه‌ ده‌كه‌ن له‌ به‌ر ئه‌وه‌یه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌وان هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كات و بڕیاری نا ده‌ستوری ده‌دات، به‌ڵام پێویسته‌ خه‌ڵكی كوردستان بزانێت كه‌ خۆفرۆشان لایان گرنگ نیه‌ چه‌ند مافی ده‌ستوری كوردستان به‌ ده‌سته‌وه‌ ده‌ده‌ن، بەهۆی ئەوەی ئەم بەناو دادگایە لە بەرژەوەندی ئەوان و دژی حکومەت بریار دەدات مافی دەستوری هەرێم پێشێل بکرێت. کاتی ئەوە هاتوە خەڵکی بە شەڕەفی کوردستان بەرامبەر بە خاکفرۆش و ماف فرۆشان هەڵوێستی جددی وەربگرن و روبەڕویان ببنەوە."

هەر دوێنێ سەمیر هەورامی، وتەبێژی جێگری سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەراگەیەندراوێکدا وەڵامی لێدوانەکانی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان دایەوەو وتی "لەکابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمدا، کەسێکمان نەبوە و نییە کە وەک وتەبێژ، هەڵوێستەکانی تەعبیری لە سیاسەت و بۆچونەکانی تیمی وەزاری یەکێتی بکات، بەڵکو ئەو کەسەی بەناوی وتەبێژی حکومەتەوە قسە دەکات، تەنها تەعبیر لە خۆی و تیمە وەزاریەکەیان دەکات بۆیە ئەوەی وتویەتی هیچ پەیوەندییەکی بە یەکێتییەوە نییە."

وتیشی"لەبری لێدوان و قسەو تۆمەت بەخشینەوە، وا باشتر بو بەهەمومانەوە هەوڵی چارەسەرکردنی گرفتەکان بدەین و مافی موچەخۆران دەستەبەر بکەین. هەرێمی کوردستان و دەستکەوتەکان بەبێ متمانە و پشتگیری خەڵکی کوردستان و تەنها بە دروشم ناپارێزرێت".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×