کەشناسی هەرێم رەوشی کەشوهەوای بڵاوکردەوە
  2024-03-24       190       

بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان رەوشی کەشوهەوای 48 کاتژمێری داهاتووی بڵاوکردەوە و بەپێی پێشبینییەکان بێت باران بارین بەردەوام دەبێت.

کەشناسی هەرێم رایگەیاند "ئەمڕۆ یەکشەممە 24- 3- 2024 کەش هەوردەبێت تا کاتەکانى نیوەڕۆ و ئەگەرى بارانی کەم لە ناوچە شاخاوییەکان هەیە , لە دواى نیوەڕۆ لە ئەنجامى کاریگەرى دوو نزمە پاڵەپەستۆى دەریاى سوور و کەنداوی عەرەبی شەپۆلێکى باران بارین ڕوو لە ناوچەکەمان دەکاتەوە، کاریگەرى ئەم شەپۆلە سەرەتا لە ناوچەکانى باشوورى هەرێم دەست پێدەکات, لە ئیدارەى گەرمیان و بەشێک لە سنوورى پارێزگاى هەڵەبجە و باشوورى پارێزگاى سلێمانى باران بارینى بەلێزمە و هەورە تریشقە دەبێت و باران بارینى بەبەراوورد لەگەڵ ناوچەکانى تر زیاتر دەبێت, بڕی باران بارینى پێشبینى کراو لەسنوورى ئیدارەى گەرمیان لە نێوان 35ملم تا45 ملم دەبێت و کاریگەرى ئەم شەپۆلە تا کاتەکانى بەرە بەیانى ڕۆژى دووشەممە بەردەوام دەبێت .

ئەوەشخراوەتەڕوو "لە سنوورى پارێزگاى هەولێر و ئیدارەى ڕاپەڕین و سنوورى پارێزگاى دهۆک و ئیدارەى سەربەخۆى زاخۆ باران بارین کەمتر دەبێت, لە ناوچە سنوورییەکان و لوتکەى شاخە بەرزەکان بەفر دەبارێت".

هەروەها بەپێی پێشبینییەکان بێت سبەی دووشەممە 25- 3- 2024 کاریگەرى ئەم شەپۆلى باران بارینە بەردەوام دەبێت لە سەر ناوچەکەمان تا کاتەکانى بەرە بەیان، هەروەها لە ئەنجامى گاریگەرى بارستە هەوایەکى سارد پلەکانى گەرما زیاتر نزم دەبێتەوە و ئەگەرى تەزرە بارین لە کاتەکانى بەرەبەیان لە هەندێ ناوچە هەیە، لە دواى نیوەڕۆ باران بارین کۆتاى دێت و کەش دەگۆڕێت بۆ نیمچە هەور.

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی :

هەولێر : 15

سلێمانی :13

دهۆک : 15

زاخۆ : 15

هەڵەبجە : 14

کەرکوک : 17

سۆران : 12

حاجی ئۆمەران : 4

گەرمیان : 18

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×