هەڤاڵ ئەبوبەکر: دابەشنەکردنی مووچە متمانەی خەڵک بە حکومەت ناهێڵێت
  2024-03-24       282       

پارێزگاری سلێمانی پەیامێکی لەبارەی دۆخی ئێستای هەرێم و دواخستنی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانەوە بڵاوکردەوە.

هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگای سلێمانی رایگەیاند:" بە بارمتەگرتنی خەڵک و خاک و ژیان و کارو بژێویی و مووچە و بودجەی خەڵکی کوردستان، لەلایەن دەسەڵاتدارانی ناوەند و بە کەمتەرخەمیی و سەرکەشیی و بێباکیی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان و بە دەستتوەردانی ناوچەیی و نێودەوڵەتیی، تەواوکردنی جینۆسایدی خەڵکی کوردستان و زیادکردنی ئیکۆساید و ئیکۆنۆمیکساید و بایۆسایدە بۆ پڕۆسەی پاکتاوکردنی رەسەنترین دانیشتووانی سەر ئەم زەمینە و لەباربردنی ئارامیی دەرونیی تاک و ئاسایش و ئاشتیی کۆمەڵایەتیی و سەقامگیریی گشتییە".

ئاماژەی بەوەشکرد:" چارەسەرنەکردنی کێشە و قەیرانە قوڵەکانی دارایی و ئابوریی لە 10 ساڵی رابردوودا و بە ئێستاشەوە، گەورەترین زیانی بە خەڵکی کوردستان و دامودەزگاکان و خزمەتگوزارییە گشتییەکان گەیاندووە، پاشەکەوت و لێبڕین و کەمکردنەوە و خەرجنەکردنی مووچە لە رۆژژمێری مانگانەی خۆیدا، پابەندیی کارگێڕیی ناهێڵێت و بایکۆتی ناچاریی دەهێنێتەکایەوە و راژە و خزمەتگوزارییەکان پەکدەخات و مانایەک بۆ دامەزراوە حکومییەکان ناهێڵێتەوە و زیانی گەورەیش لە کەرتی تایبەت دەدات، پەیوەندیی و متمانەی نەک تەنها خەڵک بە حکومەت ناهێڵێت، بەڵکو پابەندیی و پەیوەندیی و متمانەی فەرمانبەرانیش بە خودی حکومەت لەبەیندەبات، شیرازەی خێزان دەپچڕێنێت و واتا بۆ هیچ شتێک ناهێڵێتەوە".

باسی لەوەشکرد:" پێشتر دەمانووت، داهات و دارایی و مووچە و بودجە تێکەڵی ململانێ سیاسییەکانتان مەکەن، نەتانبیست، ئێستا کە تێکەڵتان کردووە، دەبێت ئیرادە و توانستی ئەوەتان هەبێت کە بە خێرایی لە ڕووی سیاسییەوە چارەسەری بکەن".

هەڤاڵ ئەبوبەکر داوای لە دەسەڵاتدارانی هەرێم کرد:" دەست لە قۆرخکردنی داهاتی گشتیی هەڵبگرن و دەستبەدابەشکردنی مووچە و بودجە خزمەتگوزارییەکان بکەنەوە و کۆتایی بە بەتاڵکردنی کاسەی ماڵان و بەتاڵانبردنی داهات و سامانی گشتیی بێنن، بۆ ئەوەی واتایەک بۆ حوکمڕانیی و ئاشتیی و ئاسایش و ئابوریی و ئاوەدانیی بگەڕێتەوە".
 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×