وەزیری گەیاندني عێراق رایگەیاند، داوای لە ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵی کردوە کە ئەپی تیکتۆک لە وڵاتەکەدا قەدەغە بکات.
ئاوێنە: هیام یاسری، وەزیری گەیاندنی عێراق، ئەمڕۆ دوشەممە رایگەیاند، داوایەکی پێشكەشی ئەنجومەنی وەزیران کردوە بۆئەوەی ئەپی تیکتۆک لەکاربخرێت.
ئاماژەی بەوەش کرد، عێراق لە لیستی ئەو وڵاتانەدا نەماوە کە زۆرترین کەس تێیاندا سەردانی ماڵپەڕی فیلمە روتەکان دەکەن.
یاسری لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وتی، "ژمارەی سەردانیکارانی ماڵپەڕی فیلمە روتەکان لە مانگی کانونی دوەمی ساڵی رابردو زیاتر لە نیو ملیار سەردان بو،" بەڵام لە شوباتی ئەم ساڵ، ئەو ژمارەیە بۆ 89 ملیۆن سەردان دابەزیوە.
وەزیرەکە جەختی لەسەر پێکەوەکارکردنی ئەندامانی پەرلەمان کردەوە بۆ بلۆککردنی ئەپەکانی دیکەش.
وەزیری گەیاندنی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، لە قەدەغەکردنی ئەپ و ماڵپەڕی فیلمە ناشیاوەکاندا، وەزارەتەکەیان روبەڕوی ژمارەیەک بەربەست دەبێتەوە، لەنێویاندا، دەرنەکردنی یاسا پێویستەکان لە پەرلەمانەوە و کەمیی بڕە پارەی تەرخانکراو بۆ وەزارەتەکە.
یاسری باسی لەوەش کرد، وەزارەتەکەیان تیمێکی تەکنیکیی تایبەتمەندی هەیە بۆ بلۆککردنی ماڵپەڕی فیلمە روتەکان، بەڵام رونیشیکردەوە کە قەدەغەکردنی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆ روتەکان لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییە جیاجیاکان زەحمەتە، چونکە ئەوە لەژێر دەسەڵاتی کۆمپانیای ئەو تۆڕانەدایە و پێویست بە هەبونی هەماهەنگی لەگەڵ نوێنەری ئەو کۆمپانیایانە لە ناوچەکەدا دەکات.