بافڵ تاڵه‌بانی: پابەندین بەهەڵبژاردن له‌كاتی دیاریكراوی خۆیدا
  2024-04-07       404       

بافڵ تاڵه‌بانی، سه‌رۆكی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان رایگه‌یاند، پابەندن بە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا.

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوی نووسینگه‌ی سه‌رۆكی یه‌كێتی، تیایدا هاتووه‌: ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 7ی نیسانی 2024،
بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ئەلینا رۆمانۆسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عیراق لە بەغدا کۆبوونەوە.

باس له‌وه‌شكراوه‌، لە کۆبوونەوەکەدا دوایین گۆڕانکارییە سیاسی، ئابووری و ئەمنییەکان گفتوگۆیان لەبارەوەکرا و جەخت لە هەماهەنگیی و هاریکاریی زیاتری نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکان کرایەوە بەئامانجی زاڵبوون بەسەر کێشەکان و پاراستنی سەقامگیری لە وڵاتدا.

لە کۆبوونەوەکەدا کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، شایستەداراییەکانی هەرێمی کوردستان و پرسی هەڵبژاردن تاوتوێکران و لەوبارەیەوە بافڵ تاڵەبانی رایگەیاند، "هەر لەسەرەتاوە هەوڵەکانی یەکێتی لەپێناو پاراستنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و تێکەڵنەکردنی بە ململانێ سیاسییەکان بوو، کە دواجار بە هەوڵی سەرۆکوەزیرانی عیراق، دادگای فیدراڵی و دۆستەکانی کورد توانرا ئەم کێشەیە چارەسەر بکرێت".

‏‎وتیشی، "کاری لەپێشینەی ئێمە دەستەبەرکردنی ژیانێکی شایستە و شەرەفمەندانەیە بۆ خەڵکەکەمان و هەموو هەوڵێکیش لەو پێناوەدا دەدەین. وەکچۆن هیوادارین هەموولایەک بەهەمان رۆحییەتەوە کاربکەن و لەخزمەت بەدیهێنانی ئامانجە باڵاکاندا بن".

‏‎لەبارەی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستانیش، بافڵ تاڵه‌بانی وتی، "رێز لە بڕیارەکان دەگرین و پابەندین بە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا، دەمانەوێت پرۆسەکە بەشێوەیەکی بێگەرد بەڕێوەبچێت و رەنگدانەوەی خواستەکانی هەموولایەک بێت".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×