مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، پارتی ئامادەیە بۆ هەڵبژاردنێك كە دوربێت لە دیزاینی پێشوەختەو گرفتی یاسایی و تەكنیكی. لەبارەی كێشەكانی بەغداو هەولێریش دەڵێت، گرفتەكان بریتین لە پێشێلكردنی دەستورو پابەند نەبون بە ڕێككەوتنەكان.
ئاوێنە: بەگوێرەی راگەیەندراوێكی بارەگای بارزانی، ئەمڕۆ سێشەممە لە سەڵاحەددین مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی پێشوازی لە پاتریك دوریل، باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق كردوە.
لە دیدارەكەدا ڕۆشنایی خرایە سەر بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەكە و هەورەها بارودۆخی سیاسیی ناوخۆی هەرێم و بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، باڵیۆزی فەرەنسا، خۆشحاڵیی خۆی نیشان داوە بەوەی كە لەپێناو چارەسەركردنی كێشەكان لەنێوان هەولێر و بەغدا دیالۆگ بەرقەرارەو ئەوەشی خستۆتەڕو كە فەڕەنسا هەمو كاتێك هاوسۆزو پاڵپشتی گەلی كوردستان دەمێنێتەوەو پێویستە مافەكانی گەلی كوردستان لە چوارچێوەی عێراقێكی فیدڕاڵدا بپارێزرێن و جەختیشی كردۆتەوە كە وڵاتەكەی دیالۆگ بە باشترین ڕێگە دەزانێت بۆ چارەسەركردنی گرفتەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و هەروەها كێشە سیاسییەكانی ناوخۆی هەرێمی كوردستان.
هەر لەو دیدارەدا مەسعود بارزانی جەختی لەوە كردۆتەوە كە "گرفتەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بریتییە لە پێشێلكردنی دەستورو پابەند نەبون بە ڕێككەوتنەكان و هەروەها دروستبونی مەترسی لەسەر پڕۆسەی دیموكراسی و هەوڵدان بۆ لاوازكردنی هەرێمی كوردستان كە هەرێمێكی دەستوری و بەرهەمی قوربانیدانی دەیانساڵەی گەلەكەمانە."
وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، مەسعود بارزانی بودجە و شایستە دارییەكانی هەرێمی كوردستانی بە "مافێكی سروشتی خەڵكی كوردستان" لە قەڵەم داوە كە "بەهیچ شێوەیەك نابێ بكرێتە كارتێكی سیاسی و لەدژی هەرێم بەكار بهێندرێت."
هەر لە درێژەی وتەكانیدا مەسعود بارزانی پشتیوانیی خۆی بۆ بەردەوامیی دیالۆگی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراقی فیدڕاڵ ڕاگەیاندوەو بە "باشترین ڕێگە بۆ چارەسەربونی كێشەكانی نێوان هەردولا"ی وەسف كردوە.
لەبارەی هەڵبژاردنەکانی هەرێم مەسعود بارزانی تەئكیدی كردۆتەوە كە "پارتی هەردەم ئامادەیە بۆ هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد كە دەرئەنجامەكانی دەرخەری ئیرادەی ڕاستەقینەی دەنگدەرانی بێت و پێکهاتەکان بتوانن نوێنەرایەتی ویست و دەنگی خۆیان بکەن و دور بێت لە دیزاینی پێشوەختە و گیروگرفتی یاسایی و تەکنیکی."
بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، مەسعود بارزانی هیوایشی خواستوە "لایەنە سیاسییەكانی هەرێم لە چوارچێوەی ڕێزگرتن لە ئیرادەی خەڵكی كوردستان و بەرژەوەندییە باڵاكانی هەرێم و ڕەچاوكردنی كولتور و بەهاكانی دیموكراسی لە خزمەتی پاراستن و بەهێزكردنی هەرێمی كوردستاندا بن."