سەرکردەیەک لە پێكهاتەی تورکمان لە کەرکوک ڕایدەگەیەنێت، گەر حکومەتی عێراق ڕێگر نەبوایە، ئەوا حکومەتی خۆجێی کەرکوک لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستان، عەرەب و تورکمانەوە بەبێ یەکێتی پێکدەهێنرا، بەڵام لە بەغداوە ئەو هەوڵە شکستی پێهێنرا.
ئاوێنە: نەجات حسێن، سەرکردەی تورکمان و ئەندامی پێشوی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە کوتلەی تورکمانی، ئەمڕۆ سێشەممە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "پارتی و عەرەب و تورکمان لە هەولێر ڕێککەوتن پێکەوە حکومەتی خۆجێی کەرکوک پێکبهێنن، بەڵام حکومەتی عێراق دەستوەردانی کرد و ڕێککەوتنەکەی ڕەتکردەوە، بەو پێیەی یەکێتی 5 کورسی هەیە و گەر بخرێتە دەرەوەی یارییەکە کێشە دروست دەبێت."
وتیشی"گەر حکومەتی عێراق دەستوەردانی نەکردایە، پارتی و عەرەب و تورکمان حکومەتی خۆجێی کەرکوکیان پێکدەهێنا، چونکە خاوەنی 10 کورسین."
بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، یەکێتی نیشتمانی کوردستان 5 کورسی، پارتی دیموکراتی کوردستان 2 کورسی، عەرەب 6 کورسی، تورکمان 2 کورسی و کوتلەی بابلیۆنیش کورسییەکی لەکۆی 16 کورسییەکەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بەدەستهێناوە.
هەرچەندە یەکێتی و پارتی جەخت لەسەر دانانی پارێزگارێکی کورد بۆ کەرکوک دەکەنەوە، بەڵام پارتی پشتگیری دانانی کەسایەتییەکی سەربەخۆی شارەکە دەکات بۆ پۆستی پارێزگار، لەکاتێکدا یەکێتی ئەو پۆستە بە مافی خۆی دادەنێت.
سەبارەت بە ڕێککەوتنی نێوان پارتی لەگەڵ عەرەب و تورکمان و شکستهێنان بە ڕێککەوتنەکە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، حەسەن مەجید سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"گەر هەوڵێکی لەو جۆرە هەبوبێت من ئاگاداری نیم."
بڕیاربو لە ڕۆژی 5-2-2024، ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک یەکەم کۆبونەوەی خۆی ئەنجام بدات، بەڵام بەهۆی بایکۆتکردنی کۆبونەوەکە لەلایەن کوتلەی عەرەبی و تورکمانییەوە کۆبونەوەکە شکستی هێنا.
حەسیبە عەبدوڵا، ئەندامی پێشوی سەرکردایەتی یەکێتی و بەرپرسی بەشی پێکهاتەکان لە ئۆرگانە حزبییەکانی کەرکوکی ئەو حزبە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "کاتێک بەرپرسانی پارتی سەردانی بەرەی تورکمانییان کرد، بەرپرسێکی تورکمان بە ئاشکرا سوپاسی پارتی کرد بۆ پشتگیریکردن لە بیرۆکەی ئەوەی پۆستی پارێزگار بە نۆرە بێت، بەڵێ هەوڵی ڕێککەوتن هەبوە لە نێوانیان."
نەجات حسێن، سەرکردەی سیاسی تورکمانی وتی "کورد و عەرەب داوای پۆستی پارێزگار دەکەن؛ لێکتێگەیشتن هەبو پۆستەکە هەردو ساڵ جارێک لای یەکێکیان بێت، بەڵام هەردولایان داوا دەکەن دو ساڵی یەکەم پۆستەکەیان لابێت."
وتیشی"عەرەب 7 ساڵە پۆستی پارێزگاری لایە و خەڵک دادەمەزرێنێت و زەوی دابەش دەکات، بە ئاسانی پۆستی پارێزگار ڕادەستی کورد ناکات."