مەسرور بارزانی لە دادگای فیدراڵی سكاڵای بۆ راگرتنی رێكارەكانی ئەنجامدانی هەڵبژاردن تۆماركرد
  2024-05-06       595       

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە دادگای فیدراڵی عێراق سكاڵای دژی سەرۆكی ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان تۆماركردو داوا دەكات رێكارەكانی كۆمسیۆن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان رابگیرێن.

ئاوێنە: مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەڕەسمی لەڕێگەی پارێزەرەكەیەوە سكاڵای یاسایی لە دژی سەرۆكی ئەنجومەنی كۆمیسیارانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق تۆماركرد.

مەسرور بارزانی لە سكاڵاكەیدا داوای كردوە رێكارەكانی كۆمسیۆن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان رابگیرێن.

سروە عەبدولواحید، سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق، لەوبارەیەوە لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس ئەوەشی وتوە، سەرۆكی حكومەتی هەرێم، سەرۆكێكی كاربەڕێكەرەو پێویستە دادگای لەپێشدا لێپێچینەوەی لەو بكات و هەروەها ناشكرێت تانە لە هیچ رێكارێك لە كاتی ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردن بەر لە شەش مانگ بدرێت و ئەمەش پێشێلكارییە.

سروە عەبدولواحید وتوشیەتی، داوایەكمان پێشكەش كردوە بۆ دەركردنی فەرمانێكی وەلائی بۆ راگرتنی كارەكانی حكومەتی هەرێم و سەرۆكایەتی هەرێم بەوپێیەی حكومەتی كاربەڕێكەرن و مافی دەركردنی فەرمانی چارەنوسسازییان نییە جگە لە بەڕێكردنی كاری رۆژانە.

سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ ئەوەشی خستۆتەڕو، دادگای فیدراڵی و سەرۆكەكە بەتەواوی ئاگاداری رێكارەكانی كۆمسیۆن و میكانیزمە یاسایییەكانن و ناكرێت بكەونە ژێر كاریگەری سیاسەت و سەرۆكی حكومەتی هەرێم كە كاربەڕێكەرە مافی تانەدانی لە هەڵبژاردن نییە چونكە ئەو بەڕێوەچونی هەڵبژاردن دیاری ناكات و فەرمانبەرێكی دەوڵەتەو لەسەریەتی فەرمانەكانی دادگای فیدراڵی جێبەجێ بكات.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×