سەرۆكی دادگای فیدراڵی و باڵیۆزی ئەمریكا تاوتوێی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەكەن
  2024-05-06       248       

ئەمڕۆ دوشەممە، سەرۆكی دادگای فیدراڵی و باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق كۆبونەوە. بەپێی راگەیەندراوی دادگای فیدراڵی لە كۆبونەوەكەدا تاوتوێی پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و پێویستی دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی دادپەروەرانەو گەرەنتیكردنی بەشدارییەكی كارا لە هەڵبژاردنەكەدا لەلایەن هەموانەوە، كراوە.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، ئەمڕۆ دوشەممە، جاسم محەمەد عەبود، سەرۆكی دادگاكە پێشوازی كردوە لە ئەلینا رۆمانۆوسكی، باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە لە كۆبونەوەكەدا جەخت لە پەرۆشی دادگای فیدراڵی كراوەتەوە بۆ دروستكردنی پەیوەندیی دوقۆڵی لەگەڵ دادگا دەستورییە نێودەوڵەتییەكاندا بۆ ئاڵوگۆڕی شارەزاییە یاساییەكان لە بواری دادیی دەستورییدا. 

هەر بەپێی راگەیەندراوەكە لە كۆبونەوەكەدا باس لە پەیوەندییەكانی نێوان ئەمریكاو عێراق كراوە.

دادگای فیدراڵی لە بەشێكی دیكەی راگەیاندراوەكەیدا وتویەتی، دسەتور گەرەنتییە بۆ یەكێتی عێراق و جەختیش لەسەر جێبەجێكردنی بەشێوەیەكی دروست كراوەتەوە لە پەیوەست بە دەسەڵاتە دارایی، كارگێڕییەكانی پارێزگاكان و هەروەها ئەو دەسەڵاتانەی دەستور بە هەرێمەكانی داوە.

وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، لە بەشێكی دیكەی كۆبونەوەكەدا تاوتوێی پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و پێویستی دۆزینەوە تەواوی چارەسەرە پێویستەكان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكە كراوە بەشێوەیەك كە ببێتە مایەی بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی دادپەروەرانەو گەرەنتیكردنی بەشداریی كارا لەلایەن هەموانەوە.

لای خۆیشییەوە باڵیۆزی ئەمریكا رایگەیاندوە، وڵاتەكە هەوڵی بونیاتنانی پەیوەندیی بەهێز لەگەڵ عێراق دەدات لە ئاستە جیاجیاكان بەتایبەت لە بواری دادوەریی دەستورییدا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×