وتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێم: لای ئێمەش جێی سەرسوڕمانە بۆ عێراق موچە نانێرێت
  2024-05-06       335       

وتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێم ڕایگەیاند، حکومەتی هەرێم هەمو مەرجەکانی عێراقی بۆ دابینکردنی موچەی مانگی چوار دابینکردوە و "جێگەی سەرسوڕمانە" بۆچی حکومەتی عێراق هەتا ئەمڕۆ موچەی مانگی چواری موچەخۆرانی هەرێمی دابین نەکردوە.

ئاوێنە: هونەر جەمال، وتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێم، ئەمڕۆ دوشەممە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئەوەی داواکاری عێراق بو لە کوردستان، کوردستان هەموی جێبەجێکرد هەر لە لیستی ناوی چواری تا لیستی هێزە ئەمنییەکان کە ڕێککەوتنی لەسەر کرا و بە کۆد نێردرا بۆ بەغدا، ئیدی نازانین عێراق چی دەوێت لە کوردستان و جێگای پرسیارە. گەر ئەمە بابەتێکی سیاسی نەبێت بۆ دواکەوتنی موچە چی لێکدانەوەیەکی دیکەی بۆ دەکرێت؟"

وتیشی "بۆ مانگی چوار دو ڕێکار هەبو ئێمە هەردوکیمان گرتەبەر: یەکەم، ناردنی لیستی موچە، دوەم تەرازوی پێداچونەوە. ئێمە دو هەفتە لە مەوبەر هەمو ئەم داواکاریانەمان ناردوە، بەڵام بە داخەوە ئەوەی لای ئێمە جێگای سەرسوڕمانە ئێستا عێراق موبەریری چییە کە موچەی فەرمانبەرانی دواخستوە لەکاتێکدا ئەبینین کە لەوێ [سنورەکانی دەسەڵاتی حکومەتی عێراق] موچە دراوە و کێشەی نەختینە نییە."

هونەر جەمال وتی، "لیستی موچەمان ناردوە و وردبینی کراوە، ئیدی بیانوی چییان هەیە نازانین. بۆیە نابێت موچە ببەسترێتەوە بە هیچ کێشەیەکی دیکەوە، ئێمە لەسەروی هەمو کێشەکانەوە دەرگامان کرایەوە لە مەسەلەی داهاتی ناوخۆ و تومانە، 'فەرمون بەسەرچاو هەرچی داهاتی فیدراڵی هەیە ئامادەین ڕادەستی بکەین لە مەسەلەی تەوتین ئەوە هەژماری مننمان هەیە هیچ گرفتێکی دروستنەکردوە و گرفتێکی تەکنیکی و یاسای لەسەر پرۆژەکە نییە.' بەو هیوایەین مەبەستەکەیان تەنها بۆ ئەوە نەبێت بیانەوێت جارێکی تر کێشە بۆ موچە دروستبکەن."

سۆران عومەر ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هۆکاری نەناردنی موچە بۆ هەبونی کێشەی تەکنیکی ناگەڕێنێتەوە بەڵکو وتی"حکومەتی هەرێم تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی کرداری نەناوە لە بارەی تەوتینکردنی موچە و ڕادەستکردنی داهاتی ناوخۆ."

سۆران عومەر بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "دادگای فیدراڵی عێراق لە 21ی مانگی دو بڕیاری لەبارەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستانەوەدا و حکومەتی عێراقی ناچارکردوە بە پێدانی موچە لە ڕێگەی تەوتینەوە. وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراقیش دو موچەی نارد، بەڵام هەرێم هەنگاو نانێت بۆ چارەسەری دۆخەکە."

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕۆژی 30ی مانگی چواری 2024 نوسراوێکی ئاراستەی سەرۆکوەزیرانی عێراق کردوە، تێدا لە ناوەڕۆکی نوسراوەکەدا هاتوە، "هەردو حکومەتی هەرێمی کوردستان و بانکی بازرگانی تی بی ئای ڕێککەوتون وەک بانکێکی فیدڕاڵ، لە تەوتینکردنی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەشداربێت."

بەپرسانی هەرێم دەڵێن بانکەکە لە ڕێگەی سیستەمی دیجیتاڵی "هەژماری من" بەشداردەبێت لە پرۆسەکەدا.

دواکەوتی موچەی مانگی چوار لە کاتێکدایە کە مانگی پێشو وەزارەتی دارایی عێراق هەردو موچەی مانگی دو و سێ لەماوەی دو هەفتەدا ڕەوانەکرد. دواتر ناڕەزایی و خۆپیشاندانی مامۆستایانی "زۆنی سەوز" وەستا.

بەڵام لەگەڵ جارێکی تر دواکەوتنی موچە، دەنگۆکان بۆ دوبارە دەستپێکردنەوەی خۆپیشاندانی ناڕەزایی لە لایەن مامۆستایانەوە سەرهەڵدەدەنەوە.

هونەر جەمال وتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابوری عێراق ئەوەشی بە دەنگی ئەمەریکا وت، "موچە تا لای ئێمە بو دیاربو. تا لای ئێمە بو نەوتمان ئەفرۆشت و 21ی مانگ موچەمان لەکاتی خۆیدا دابەشدەکرد، مەگەر یەکدو ڕۆژ لیستی موچە دواکەوتبایە، ڕامان دەگەیاند. بەڵام دوای [ڕاگرتنی] هەناردەکردنی نەوت ئێمە کەوتینە کێشەی قوڵ لەگەڵ عێراقەوە، ئێمە پار لە یاسای بودجە هەمو ڕێکەوتنێکمان لەگەڵ عێراقدا کرد، بەڵام ئەوەبو دواجار لە پەرلەمانی عێراق دەستکاری مادەکانی تایبەت بە پشکی هەرێمی کوردستان کرا و دواجار یاساکە کاری نەکرد."


 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×