دادگای فیدراڵی لەبارەی دواخستنی هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بڕیاری دا
  2024-05-07       429       

دادگای باڵای فیدراڵی، بڕیارێكی پەرلەمانی عێراقی بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق تا یەكلاییكردنەوەی سكاڵاكان، هەڵوەشاندەوە.

ئاوێنە: دادگای باڵای فدراڵی، ئەمڕۆ سێشەممە، رایگەیاند، دادگاكەیان بڕیارێكی دەركردەوە كە بەگوێرەی بڕیارەكە، بڕگەی دوەمی ئەو بڕیارەی پەرلەمان هەڵدەوەشێنرێتەوە كە لە 27/1/2024 دەرچوەو تێیدا هاتوە، هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان دوادەخرێت تا ئەو كاتەی سكاڵاكان لەوبارەیەوە یەكلایی دەبنەوە.پێدەچێت هەفتەی داهاتوو، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دانیشتنی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجومەن ئەنجام بدات.

كاروان یاروەیس، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەبارەی بڕیارەكەو هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ لە راگەیەندراوێكدا وتی"هێشتا لە ناو ماڵی پەرتەوازەی سوننەکان، رێکەوتن نەکراوە لەسەر کاندیدی سەرۆک، عەزم و حەسم و سیادە سورن لەسەر بەرێوەچونی دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆک و کاندیدیان سالم عیساوییە. لەبەرامبەردا محەمەد حەلبوسی و تەقەدوم داوا دەکەن پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان هەموار بکرێتەوەو دەرفەت بدرێ بە حەلبوسی کاندیدێکی نوێ پێشکەش بکات."

ئەو پەرلەمانتارە وتوشیەتی"لەبەرامبەردا ئیتاری تەنسیقی شیعەکان داوایان لەسوننەکان کردوە رێکبکەون لەناو خۆیانداو بۆ ماوەی هەفتەیەک دەرفەتیان هەیە."

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×