بەرەی گەل: پارتی و یەكێتی بە بەرپرسیاری یەكەمی دواخستنی هەڵبژاردن دەزانین
  2024-05-07       175       

بەرەی گەل، كە لاهوری شێخ جەنگی سەرۆكایەتی دەكات رایگەیاند، بە بیانوی داتاشراو و ئامادەكراوەوە، دو حزبی دەسەڵاتداری كوردستان بەمجارەش بەشێوازێكی ترو لە ڕێگەی دادگای فیدراڵییەوە بون بە رێگر لە بەردەم ئەنجامدانی هەڵبژاردن. دەشڵێت، پارتی و یەكێتی بە بەرپرسیاری یەكەمی ئەم دواخستن و ئەم بۆشاییە تەشریعیەی کوردستان دەزانین.

ئاوێنە: بەرەی گەل، ئەمڕۆ سێشەممە، لە پەیامێكدا لەدوای بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی بۆ راگرتنی رێكارەكانی كۆمسیۆن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، وتی"دیسانەوەو بەبیانوی داتاشراو و ئامادەکراوەوە، دوای چەند جارێک لە دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردن و خۆدزینەوە لە ئەنجامدانی، دو حزبی دەسەڵاتداری کوردستان ئەمجارەش بە شێوازێکی تر و لەرێگەی دادگای فیدراڵییەوە، بون بە رێگر لەبەردەم ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا."

بەرەی گەل پێی وایە "ئەم دو حزبە چەند ساڵێکە بەبێ هیچ هۆکارێکی قانونی، چەندین کۆسپیی ناقانونیان لەبەردەم ئەنجامدانی هەڵبژاردن دروست کردوە. ئەوان بەبێ بونی هیچ کێشەو بیانویەک، بە دەنگی هەشتاو پێنج پەرلەمانتاری دو حزب و هاوپەیمانەکانیان، تەمەنی پەرلەمانیان درێژ کردەوە، تەنانەت لەو ماوە ناقانونیەشدا، دەستیان بۆ هیچ یەکێک لە مەلەفە گرنگەکانی رێخۆشکەر بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن وەک یاسای هەڵبژاردن و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن نەبرد."

وتوشیەتی"دواتر کە دادگای فیدراڵی ئەم هەنگاوە ناقانونیەی هەڵوەشاندەوە، کەوتنە داڕشتنی سیناریۆی تر بۆ خۆڵکردنە چاوی جەماوەر و پەکخستنی ئەم دەزگا گرنگە، بەتایبەت لە دوای هەڵکشانی ناڕەزایەتی و رەخنەو لە رو وەستانەوەی جەماوەر بۆ سیاسەتە شکستخواردوەکانی دو حزب و دەسەڵاتەکەیان."

جەختیشی كردۆتەوە كە "ئێمە وەک (بەرەی گەل)، پارتی و یەکێتی بە بەرپرسیاری یەکەمی ئەم دواخستن و ئەم بۆشاییە تەشریعیەی کوردستان دەزانین،  جەماوەریش لەوە دڵنیا ئەکەینەوە کە ئەم هەنگاوانە بە هەماهەنگی و راوێژو رێکكەوتنی هەردولا کراوەو دەکرێت. ئەم دەسەڵاتە تەنیا کاتێک هەڵبژاردنی ئەوێت کە پێگەی خۆی بە ناقانونی و بەدەر لە ئیرادەو دەنگی خەڵک بسەپێنێت و جۆرێک لە دیزاینی پێشەوختەی بکات بەو جۆرەی هەژمونی پڕ لە پاوانخوازی خۆی بەسەر کۆمەڵگاوە بهێڵێتەوە."

دەقی پەیامەكە:

بەناوی پەروەردگاری گەورە و میهرەبان

هاوڵاتیانی خۆشەویستی کوردستان

دیسانەوەو بەبیانوی داتاشراو و ئامادەکراوەوە، دوای چەند جارێک لە دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردن و خۆدزینەوە لە ئەنجامدانی، دو حزبی دەسەڵاتداری کوردستان ئەمجارەش بە شێوازێکی تر و لەرێگەی دادگای فیدراڵییەوە، بون بە رێگر لەبەردەم ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا. ئەم دو حزبە چەند ساڵێکە بەبێ هیچ هۆکارێکی قانونی، چەندین کۆسپیی ناقانونیان لەبەردەم ئەنجامدانی هەڵبژاردن دروست کردوە. ئەوان بەبێ بونی هیچ کێشەو بیانویەک، بە دەنگی هەشتاو پێنج پەرلەمانتاری دو حزب و هاوپەیمانەکانیان، تەمەنی پەرلەمانیان درێژ کردەوە، تەنانەت لەو ماوە ناقانونیەشدا، دەستیان بۆ هیچ یەکێک لە مەلەفە گرنگەکانی رێخۆشکەر بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن وەک یاسای هەڵبژاردن و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن نەبرد. دواتر کە دادگای فیدراڵی ئەم هەنگاوە ناقانونیەی هەڵوەشاندەوە، کەوتنە داڕشتنی سیناریۆی تر بۆ خۆڵکردنە چاوی جەماوەر و پەکخستنی ئەم دەزگا گرنگە، بەتایبەت لە دوای هەڵکشانی ناڕەزایەتی و رەخنەو لە رو وەستانەوەی جەماوەر بۆ سیاسەتە شکستخواردوەکانی دو حزب و دەسەڵاتەکەیان.

لێرەدا دەبێ بپرسین لەماوەی شەرعی پەرلەماندا، واتە لەو چوار ساڵەدا، چ رێگرییەک لەبەردەم پەرلەمان و دو حزبدا هەبو کە نەتوانن پیاچونەوە بە یاسای هەڵبژاردن بکەن، ئامادەسازی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بکەن، کۆمسیۆن نوێ بکەنەوە؟

 بەڵام لەراستیدا نە ئەوکات و نەئێستاش هیچ بیانویەکی ئسوڵی و هۆکارێکی قانونی بۆ ئەو پەکخستنەی پەرلەمان و دواخستنی هەڵبژاردن نەبوەو نییە، جگە لە هۆکارێکی سەرەکی کە ئەویش ئەوەیە ئەم دو حزبە جارێکی تر ئەو راستیەیان بۆ دوپاتکردینەوە کە نەبڕوایان بە دەستاودەستی دەسەڵات هەیە، نە هێزی دیموکرات و مەدەنین، نە رێزیش لە ویست و ئیرادەی جەماوەر ئەگرن.

هاولاتیانی خۆڕاگری کوردستان

ئێمە وەک (بەرەی گەل)، پارتی و یەکێتی بە بەرپرسیاری یەکەمی ئەم دواخستن و ئەم بۆشاییە تەشریعیەی کوردستان دەزانین،  جەماوەریش لەوە دڵنیا ئەکەینەوە کە ئەم هەنگاوانە بە هەماهەنگی و راوێژ و رێکەوتنی هەردولا کراوەو دەکرێت. ئەم دەسەڵاتە تەنها کاتێک هەڵبژاردنی ئەوێت کە پێگەی خۆی بە ناقانونی و بەدەر لە ئیرادەو دەنگی خەڵک بسەپێنێت و جۆرێک لە دیزاینی پێشەوختەی بکات بەو جۆرەی هەژمونی پڕ لە پاوانخوازی خۆی بەسەر کۆمەڵگاوە بهێڵێتەوە.

بەرەی گەل

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×