كۆمەڵی دادگەری: ئەمڕۆ جارێكی دیكە هەرێمی كوردستان درایەوە دەست چارەنوسێكی نادیار
  2024-05-07       449       

كۆمەڵی دادگەریی كوردستان لەبارەی بڕیارەكەی ئەمڕۆی دادگای فیدراڵی لەبارەی راگرتنی رێكارەكانی كۆمسیۆن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ جارێكی دیكە هەرێمی كوردستان درایەوە دەست چارەنوسێكی نادیار. دەشڵێت، هیوادارین دەسەڵاتدارانی هەرێم وەك چۆن ناچاربون ڕێی دادگای فیدراڵیی بگرنەبەر بۆ دواخستنی هەڵبژاردن، بڕیاری هەمان ئەو دادگایەش جێبەجێبكەن كە تایبەتە بە "تەوتین"ـی موچە.

ئاوێنە: ئەنجومەنی باڵای کۆمەڵى دادگەریی كوردستان، ئەمڕۆ سێشممە لە راگەیەندراوێكدا وتی"ئەمڕۆ جارێكی دیكە هەرێمی كوردستان درایەوە دەست چارەنوسێكی نادیار، ئەو دادگایەی تا دوێنێ بە "نادەستوریی و لیژنەی سیاسیی و مەحكەمەی سەورە" وەسفدەكرا، بەكارهێنرا بۆ درێژەدان بەم دۆخە نالەبارەی كە هیچ دامەزراوەیەك شەرعیەتی نەماوە."

ئەوشەی خستۆتەڕو"ئێمە لەسەرەتاوە ڕێزمان لە بڕیارەكانی دادگای فیدراڵیی گرتوە، هیواداریشین دەسەڵاتدارانی هەرێم وەك چۆن ناچاربون پێچەوانەی قسەو هەڵوێستی ڕابردویان، ڕێی دادگای فیدراڵیی بگرنەبەر بۆ دواخستنی هەڵبژاردن، بڕیاری هەمان ئەو دادگایەش جێبەجێبكەن كە تایبەتە بە "تەوتین"ـی موچەی موچەخۆرانی هەرێم لە بانكە فیدراڵییەكان و چیتر ژیان و گوزەرانی خەڵك و موچەخۆران نەكەنە قوربانی بەرژەوەندییەكانی خۆیان."

جەختیشی كردۆتەوە كە "ئەوەی زەرەرمەندی یەكەمە لە دواخستنی هەڵبژاردن، كۆی پرۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستان و دامەزراوەكانێتی كە ڕۆژبەڕۆژ بەهۆی گەندەڵیی و نەمانی شەرعییەتی دامەزراوەكانییەوە، لە لاوازەوە بەرەو لاوازتر دەڕوات، تەنانەت مەترسی هەیە بارودۆخ بەرەو ئاقارێک بڕوات کێشەکان گەورەترو قەیرانەکان قوڵتر ببنەوەو هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام نەدرێت."

بەبڕوای كۆمەڵی دادگەریی كوردستان "حاڵ و واقیعی ئەمجۆرە لە حوكمڕانیی كە بوەتە بار بەسەر هەرێمی كوردستان و خەڵكەكەیەوە، لەهەر وڵاتێكی دیكە بوایە، نەك هەوڵی دواخستنی هەڵبژاردن نەدەدرا، بەڵكو دەبوایە هەڵبژاردنی پێشوەختە بكرایە."

دەقی راگەیەندراوەكە:

ڕاگەیەنراوێک لە ئەنجومەنى باڵاى کۆمەڵى دادگەرییەوە

بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان

ئەمڕۆ جارێكی دیكە هەرێمی كوردستان درایەوە دەست چارەنوسێكی نادیار، ئەو دادگایەی تا دوێنێ بە "نادەستوریی و لیژنەی سیاسیی و مەحكەمەی سەورە" وەسفدەكرا، بەكارهێنرا بۆ درێژەدان بەم دۆخە نالەبارەی كە هیچ دامەزراوەیەك شەرعیەتی نەماوە. 

ئێمە لەسەرەتاوە ڕێزمان لە بڕیارەكانی دادگای فیدراڵیی گرتوە، هیواداریشین دەسەڵاتدارانی هەرێم وەك چۆن ناچاربون پێچەوانەی قسەو هەڵوێستی ڕابردویان، ڕێی دادگای فیدراڵیی بگرنەبەر بۆ دواخستنی هەڵبژاردن، بڕیاری هەمان ئەو دادگایەش جێبەجێبكەن كە تایبەتە بە "تەوتین"ـی موچەی موچەخۆرانی هەرێم لە بانكە فیدراڵییەكان و چیتر ژیان و گوزەرانی خەڵك و موچەخۆران نەكەنە قوربانی بەرژەوەندییەكانی خۆیان.

بە بڕوای ئێمە ئەوەی زەرەرمەندی یەكەمە لە دواخستنی هەڵبژاردن، كۆی پرۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستان و دامەزراوەكانێتی كە ڕۆژبەڕۆژ بەهۆی گەندەڵیی و نەمانی شەرعییەتی دامەزراوەكانییەوە، لە لاوازەوە بەرەو لاوازتر دەڕوات، تەنانەت مەترسی هەیە بارودۆخ بەرەو ئاقارێک بڕوات کێشەکان گەورەترو قەیرانەکان قوڵتر ببنەوەو هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام نەدرێت.

حاڵ و واقیعی ئەمجۆرە لە حوكمڕانیی كە بوەتە بار بەسەر هەرێمی كوردستان و خەڵكەكەیەوە، لەهەر وڵاتێكی دیكە بوایە، نەك هەوڵی دواخستنی هەڵبژاردن نەدەدرا، بەڵكو دەبوایە هەڵبژاردنی پێشوەختە بكرایە.

كۆمەڵی دادگەریی كوردستان

ئەنجومەنی باڵا

۷/٥/۲٠۲٤

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×