پێشەوا هەورامانی: مەرجی بەغدا بۆ ناردنی موچە جێبەجێ كرا
  2024-05-08       284       

پێشه‌وا هه‌ورامانی، وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ خه‌ندان-ی راگه‌یاند، هیچ به‌ربه‌ستێك نه‌ماوه‌ بۆ ره‌وانه‌كردنی پاره‌ی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان و "مه‌رجی به‌غدا بۆ ناردنی موچه‌ جێبه‌جێكرا كه‌ به‌شداریكردنی بانكی TBIیه‌ له‌ سیستمی هه‌ژماری من."

ئاوێنە: پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە لێدوانێکدا بە "خەندان"ی راگەیاند، دادگای فیدڕاڵی پرسی تەوتینی موچەی فەرمانبەرانی کردوە بە مەرج، بانکی بازرگانی عێراق (TBI) لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتوەتە رێککەوتنێک بۆ بەشداریکردنیان لە پڕۆسەیەک کە لە هەرێمی کوردستان ناوی "هەژماری من"ە و لە عێراقیش ناوی "تەوتین"ە.

بەقسەی پێشەوا هەورامانی، هەریەک لە هەژماری من و تەوتین یەک ئامانجیان هەیە ئەوەش بە بانکیکردنی سیستمی موچەیە، ئێستا کە بانکی تی بی ئای بەشداری لەو سیستمانە کردوە هیچ پاساوێکی یاسایی نەماوە بۆ نەناردنی موچە.

ئەوەشی خستەڕو، بەشداریکردنی بانکی بازرگانی عێراق (TBI)  لە هەژماری من و تەوتین مەرجی حکومەتی عێراقی بو بۆ ناردنی موچەی مانگی نیسان، واتە هەریەکە لە سیستمەکانی "هەژماری من" و "تەوتین" دو سیستمی تایبەت بە بانکیکردنی موچەن و هەردوکیان کاریان پێدەکرێت.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×