شاخەوان عەبدوڵا: بێبەشكردنی پێكهاتەكانی هەرێم لە هەڵبژاردن هەڵەیەكی گەورە بو
  2024-05-08       215       

شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە پشكی پارتی پێی وایە بێبەشكردنی پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان لە هەڵبژاردنی كوردستان هەڵەیەكی گەورە بو. دەشڵێت، دەبێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەشێوەیەك بكرێت كە هەم پێكهاتەكان بێبەش نەكرێن و هەم سەرجەم لایەنە سیاسییەكان تێیدا بەشداربن.

ئاوێنە: شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەنوسان لەبارەی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەسایەتی بڕیاری دادگای فیدراڵیدا، وتی"یەكێك لەو هەڵە گەورانەی كە لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كرا، بابەتی بێبەشكردنی كۆتاكانە، ناكرێت ئەمڕۆ لە پەرلەمانی عێراق، توركمان و مەسیحییەكان نوێنەرییان هەبێت و لە پەرلەمانی كوردستان نوێنەرییان نەبێت، لەكاتێكدا ئەزمونی پێكەوەژیان لە هەرێمی كوردستان دورودرێژترە."

وتیشی"بۆیە ئەم بڕیارەی دادگای فیدراڵی بۆ راستكردنەوەی ئەوە بو كە چۆن بتوانرێت چارەسەری ئەم بابەتە بكرێت و هەندێ هەڵەی تەكنیكی دیكەش هەن كە لەلایەن كۆمسیۆنەوە كراون  دەبێت هەمو ئەمانە چارەسەربكرێن كە خۆی دەبینێتەوە لە دوبارەكردنەوەی دەرگای خۆكاندیدكردن بۆ پێكهاتەكان و ئەو لایەنانەی كە بایكۆتیان كردوە دوای جێبەجێكرنی تێبینییەكان."

لەبارەی ئەوەی كەی وادەی دیكە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دیاری دەكرێت، شاخەوان عەبدوڵا وتی، "ئەوە پێویستی بە كاتەو سەرۆكی هەرێم لە گفتوگۆدا دەبێت لەگەڵ لایەنەكان بۆ ئەوەی وادەیەكی نوێ بۆ هەڵبژاردن دابنرێت و هەمو لایەك لەسەری رێكبكەون و بەشێوەیەك هەڵبژاردنەكە بكرێت كە هەم پێكهاتەكان بێبەش نەكرێن و هەم سەرجەم هێزو لایەنە سیاسییەكان تێیدا بەشداربن و تێبینییەكانی هەمو لایەك بەهەند وەربگیرێن."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×