وتەبێژی حكومەتی هەرێم: هیچ فەرمانبەرێك ناچار ناكرێت بە كردنەوەی هەژمار لە بانكێكی دیاریكراو
  2024-05-08       512       

وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ 16 فەرمانبەر داوای فۆڕمی تی بی ئایان كردوەو بەوەش پڕۆسەی بە بانكیكردنی موچەخۆران لە بانكێكی حكومەتی فیدراڵ دەستی پێكردوە. لە ئێستادا ئەو دو بەربەستەی كە هەبون بۆ ناردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم نەماون و چاوەڕێین لە زوترین كاتدا بەغدا موچە بنێرێت.

ئاوێنە: پێشەوا هەورمانی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند"تا ئێستا دو بەربەست هەبون بۆ نەناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم، یەكێكیان پرسی داهاتی ناوخۆ و ئەویدیكەیشیان تەوتین بو."

وتیشی، "ئێمە هیچ كاتێك نەمانوتوە دوژمنایەتیمان لەگەڵ تەوتین هەیە.ئێستاش بانكی تی بی ئای هاتۆتە نێو پڕۆسەی هەژماری منەوە. تەوتین و هەژماری من یەك ئامانجیان هەیە."

ئاشكراشیكرد"هەتاوەكو سەعات 4ی ئەمڕۆ، 16 كەس داوای فۆرمی بانكی تی بی ئای-یان كردوە لە رێگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان و هەژماری منەوە بۆ ئەوەی لەڕێگەی بانكی تی بی ئایەوە بتوانن كارتی بانكی خۆیان دروست بكەن."

وتیشی"سەرۆك وەزیران ئەمڕۆ لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران رایگەیاند كە هەمو دامەزراوەكان و بەتایبەت هەژماری من هاوكار بن لەگەڵ تی بی ئای و هەمو زانیارییەكییان پێ بدەن. لەبنەڕەتدا بانكی تی بی ئای پێویستی بە هاوكاری حكومەتی هەرێمە بۆ ئەوەی بتوانن دەست بە پڕۆسەكە بكەن. تی بی ئای دەبێتە حەوتەمین بانك كە لەناو هەژماری من دەست بە پڕۆسەی بە بانكیكردن دەكات."

جەختیشی كردەوە "هیچ فەرمانبەرێكی هەرێمی كوردستان ناچار ناكرێت بە هەڵبژاردنی یەك بانك و بەسەریدا بسەپێنرێت، لەو حەوت بانكە فەرمانبەری هەرێمی كوردستان، چ بانكێكی پێ باشە دەتوانێت لەڕێگەی ئەو بانكەوە هەژمار دروست بكات، لەنێویاندا بانكی تی بی ئای."

ئەوەشی خستەڕو"هەر فەرمانبەرێك بیەوێت لە تی بی ئای هەژمار بكاتەوە لەچوارچێوەی پڕۆسەی بە بانكیكردنی موچەدا، ئێمە هیچ لارییەكمان نییە."

لەبارەی داهاتی ناوخۆش وتی"لەسەر پرسی داهاتی ناوخۆش، حكومەتی هەرێم هیچ كێشەیەكی نەبوەو لەو روەشەوە رێككەوتن كراوەو هەر شتێك لەسەر شانی حكومەتی هەرێم بێت لە داهات رادەستی دەكات."

وتەبێژی حكومەت وتیشی"ئێستا هەردو بەربەستەكە لەبەردەم ناردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێمدا لابراون. لەدوای جێبەجێكردنی ئەم خاڵانەو لە ئێستادا چاوەڕێین حكومەتی عێراق بەزوترین كات موچەی موچەخۆرانی هەرێم بنێرێت."

پێشەوا هەورامانی لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا وتی، زیاتر له‌ 30 هه‌زار فه‌رمانبه‌ری گرێبه‌ست له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌ن، له‌ حكومه‌تی فیدراڵ نزیكه‌ی یه‌ك ملیۆن فه‌رمانبه‌ر دامه‌زراون، ده‌مانه‌وێت حسابێكیش بۆ هه‌رێم بكرێت.

ئاماژەی بەوەشدا، لیژنه‌یه‌ك له‌بارەی فه‌رمانبه‌رانی گرێبه‌ست پێكهێنراوه‌و له‌ماوه‌ی 15 رۆژدا گفتوگۆ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدراڵ ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی بكرێن به‌ هه‌میشه‌یی.

وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی تانەكەی مەسرور بارزانی لە دادگای فیدراڵی بۆ راگرتنی كارەكانی كۆمسیۆن، وتی"تانه‌كەی جه‌نابی سه‌رۆك وه‌زیران له‌ دادگای فیدراڵی بۆ راستكردنه‌وه‌ی كه‌تنی كۆمه‌ڵێك كه‌س بو، بۆیه‌ خۆی ئه‌و داوا یاساییه‌ی تۆماركرد، جگه‌له‌وه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانه‌، وه‌كو هاوڵاتییه‌كیش مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ داوای یاسایی تۆمار بكات."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×