شاسوار عەبدولواحید لەبارەی هەڵبژاردن و موچە هەڵوێستی نەوەی نوێ دەخاتەڕو
  2024-05-08       411       

شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ دەڵێت، پارتی و یەکێتی بەڕێککەوتنی ژێربەژێر داوایانکردوە هەڵبژاردن بخرێتە ساڵی داهاتو چونكە دەزانن ئەگەر ئەوە سەربگرێت ئەوا لە ساڵی داهاتوشدا هەڵبژاردن ناكرێت. لەبارەی موچەشەوە دەڵێت، بەغدا بەمەرجێک موچە دەنێرێت فەرمانبەرانی هەرێم لە بانکە عێراقییەکان هەژمار بکەنەوە.

ئاوێنە: شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە کۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی"پارتی و یەكێتی پێكەوەو بە رێككەوتنی ژێربەژێری هەردولایان لەبەرئەوەی كە ترسێكی زۆریان هەیە لە هەڵبژاردن داوایان كردوە لە لایەنە عێراقییەكان كە هەڵبژاردن نەك بۆ ماوەی چەند مانگێك دوابكەوێت، بەڵكو ئەوان بەحساب بەتەمان بیخەنە ساڵی 2025 كە ئامانجەكەیان ئەوەیە لە 2025یش ناكرێت لەبەرئەوەی هەڵبژاردنی عێراق دەكرێت و دیارە دەیانەوێت هەڵبژاردن نەكرێت."

وتیشی، ئەوەندەی ئێمە ئاگادارین هەڵبژاردن رەنگە دوابكەوێت بۆ چەند مانگێك، ئێمە بەتەواوەتی دژی ئەم هەنگاوەین، پێمانوایە ئەمە ترسێكی رون و ئاشكرای پارتی و یەكێتییە لە هەڵبژاردن و لە خەڵك.

بەبڕوای سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، ئەمە یەكەم جارە لە هەرێمی كوردستان پارتی و یەكێتی بەو ڕادەیە دەترسن لە هەڵبژاردن. پێشتر وەك گەمەیەك و وەكو گاڵتە باسی هەڵبژاردنیان دەكرد. 

شاسوار عەبدولواحید ئاشكراشیكرد، لە كاردانەوەی ئەمەدا نەوەی نوێ سبەینێ لە دادگای فیدراڵی داوایەكی یاسایی تۆماردەكات لەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستان تا بە هیچ شێوەیەك مامەڵە لەگەڵ ئەم حكومەتەدا نەكرێت لە ئەگەری دواخستنی زیاتری هەڵبژاردن و ئەم حكومەتە بە حكومەتێكی ماوەبەسەرچو لە قەڵەم بدرێت و بۆی نەبێت هیچ یاساو بڕیارێك دەربكات تەنیا كاری رۆژانەی هاوڵاتیان رایی بكات.

جەختیشی كردەوە"ناكرێت ئەمانە پێیانوابێت هەڵبژاردن دوادەخەن و بۆشیان دەچێتە سەرو خەڵكیش مامەڵەیان لەگەڵدا دەكات."

وتیشی"هەرچی لە داهاتودا رودەدات و روبەڕوی خەڵكی هەرێمی كوردستان و حوكمڕانی كوردی دەبێتەوە، پارتی و یەكێتی لێی بەرپرسن" چونکە لەپێناو چەند کورسییەک "سەرکێشی بە خەڵک و هەرێمیشەوە دەکەن."

بەوتەی سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، پارتی و یەكێتی دەیانەوێت 11 كورسییەكەی كۆتاكان بگەڕێتەوە.

لەبارەی موچەشەوە، وتی، ئەوەندەی من قسەم لەگەڵ بەرپرسانی عێراقی كردوە، جۆرێك لە نەرمی و لە رێككەوتن هەیە كە یەك دو مانگی داهاتوش موچە بنێردرێت بۆ تەواوی فەرمانبەران، بەمەرجێك لەماوەی ئەم دو مانگەدا كردنەوەی ژمارە حساب بۆ تەواوی فەرمانبەرانی هەرێم لە بانكە عێراقییەكان تەواو ببێت.

وتیشی، دەبێت هەمو موچەخۆرێكی هەرێم لە بانكە عێراقییەكان هەژماری هەبێت، نەك لە هەژماری من، ئەوانەی شتی تر دەڵێن دەسەڵات خۆیەتی، چونكە دەیانەوێت هەژماری من بمێنێتەوە. 

ئەوەشی خستەڕو، نەوەی نوێ حەوت مانگ لەمەوبەر بۆ ئەمە پڕۆژەی بەدیلی هەبو و من خۆم پڕۆژەكەم بردە بەردەم سەرۆك وەزیرانی عێراق و داوامان لێكرد لە قۆناغی ئێستادا ژمارە حساب بۆ فەرمانبەرانی هەرێم بكرێتەوە لە بانكی تی بی ئای تا راستەوخۆ بەغدا پارەكەیان بداتێ، ئەوەش لەبەرئەوەیە كە تاوەكو ئێستا بانكی رەشید و رافیدەین لە هەرێم لقیان نییەو نامانەوێت پلانی یەكێتی و پارتیش سەربگرێت.

راشیگەیاند، "دەبێت فەرمانبەران ئازادبن لە هەر بانکێک هەژماری بانکی بۆ موچەکانیان بکەنەوە و ئەوەی دەوترێت بانکی بازرگانی عێراقی هاتوەتە ناو هەژماری منەوە گاڵتەجاڕییەو ئەو موچەخۆرانەی هەژماری منیان پێکراوە دەبێت بچنە سەر بانکە عێراقییەکان."

شاسوار عەبدولواحید ئەوەشی خستەڕو، نەوەی نوێ یەکەم هێزبو کە لە دادگای فیدڕاڵی پەرلەمانی هەرێمیان هەڵوەشاندەوەو تەنیا هێزن بەرژەوەندییان نییە و دەنگی خەڵکیان نەگۆڕیوەتەوە بە پۆست و پارە.






 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×