بەرپرسێکی باڵای حکومەتی هەرێم: تی بی ئای هاتۆتە ناو هەژماری من بەڵام نامانەوێ وردەكاری ئاشكرابكەین
  2024-05-08       371       

دەنگی ئەمریكا لە زاری بەرپسێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بڵاویكردەوە، بانکی تی بی ئای "هاتۆتە ناو سیستەمی هەژماری من،" بەڵام "بەهۆی هەندێک کەس کە دەیانەوێت ڕێککەوتنەکە شکست پێبهێنن نامانەوێت وردەکارییەکانی ئاشکرابکەین."

ئاوێنە: بەرپرسە باڵاکە بە دەنگی ئەمەریکای وتوە"دادگای فیدراڵی دەستی حکومەتی عێراقی بەستبو کە جگە لە بانکی حکومی عێراق نەتوانێت موچە بدات، بۆیە تی بی ئای هاتوەتە ناو پرۆژەی هەژماری من تا چیتر بەربەست لەبەردەم ناردنی موچە نەمێنێت."

لێدوانەکەی ئەو بەرپرسە باڵایەی حكومەتی هەرێم لە کاتێکدایە پرسی چارەنوسی "هەژماری من" چەندین هەفتەیە بە لێڵی ماوەتەوە. لە کاتێکدا حکومەتی هەرێم لە ڕاگەیاندنەکاندا جەخت لەسەر هەژماری من دەکاتەوە، بەشێک لە بەرپرسان و پەرلەمانتارانی کورد دەڵێن، ئەمە ڕاست نییە و هەرێمی کوردستان ناچارکراوە دەستبەرداری سیستەمەکە ببێت و "تەوتین" یان ڕاستەوخۆ پێدانی موچەی کەرتی گشتیی هەرێم لەلایەن بانکە فیدڕاڵییەکانی عێراقەوە بێت.

بەپێی دەنگی ئەمریكا، سەرچاوەیەکی نزیک لە بانکی تی بی ئای کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت، ئامادەنەبوە ڕاستەوخۆ بەشداریکردنی بانکەکەیان لە سیستەمی هەژماری من پشتڕاستبکاتەوە، بەڵام ڕایگەیاندوە"ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێم هەرچەندێک بێت، ئێمە دەتوانین تۆماریان بکەین و هەژماری بانکییان بۆ بکەینەوە. تۆپەکە لە گۆڕەپانی حکومەتی هەرێمە و چاوەڕوانی لیستی ناوی فەرمانبەرانین. سەرۆک وەزیرانی عێراق لە نزیکەوە چاودێری پرۆسەکە دەکات و ئێمەش چاوەڕێی لیستی فەرمانبەرانین."

ئەمڕۆ چوارشەممە، 8ی مانگی پێنجی 2024، وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، "بانکی تی بی ئای بەشداری لە پرۆژەی هەژماری من بۆ بە دیجیتاڵکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم دەکات."

دوای ڕاگەیەنراوەکەی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەنراوێکدا بانکی تی بی ئای وتی "لەچوارچێوەی پابەندبون بە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و بە فەرمانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لەبارەی بەشداریکردنی بانکی تی بی ئای لە پرۆسەی تەوتین کردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، وەفدێکمان لەپارێزگای هەولێر کۆبوەوە، لەبارەی میکانیزمی تەوتینکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان."

هەر ئەمڕۆش پێشەوا هەورامی، وتەبێژی حکومەتی هەرێم، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند،، ئەمڕۆ 16 موچەخۆری هەرێم لە چوارچێوەی هەژماری مندا ناوی لە تی بی ئای تۆمارکردوە بۆ بە بانکیکردنی موچەکانیان.

هاوکات لەگەڵ ڕاگەیەنراوەکەی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمدا، دامودەزگا فەرمییەکانی سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامن لە تۆمارکردنی ناوی موچەخۆرانی هەرێم و بە بانکیکردنی موچەکانیان لە چوارچێوەی هەژماری مندا.

شوان محەمەد رۆستەم، ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان وتی"تی بی ئای بەشێکە لە تەوتین، دەکرێت لە داهاتودا جۆرێک لە ڕێککەوتن لەگەڵ هەژماری من بکرێت، ئەمانیش ببنە میکانیزمێک بۆ ئاسانکاریکردن بۆ دابەشکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم."

شوان محەمەد ڕۆستەم بە دەنگی ئەمەریکای وت، "ڕەنگە کاتی زۆر بوێت تا تی بی ئای لە هەمو شاروشارۆچکەکان لق بکاتەوە، بۆیە گەر بانکی تریش بەشداربن لە پرۆسەکەدا هیچ گرفت دروست ناکات. پارە ڕاکێشان لە لقەکانی تی بی ئای کاتی زۆر دەوێت، ئێستا بانکێکی زۆر لە کوردستان هەن و ئامادەن، گەر فەرمانبەر هەژمارە سەرەکییەکەشی لە تی بی ئای بێت، دەتوانێت لەو بانکانەش موچە ڕابکێشێت."

ئەو پەرلەمانتارە وتیشی، "حکومەتی هەرێم هەژماری منی هێنا تا خزمەت بە موچەخۆران بکات و هەرێم لەو قەیرانە دەرباز بکات کە تێیکەوتبو، ئێستا هەرێم بەلایەوە گرنگە موچەی فەرمانبەران 30 ڕۆژ جارێک دابەش بکرێت. هەرێم لاری نییە تی بی ئای لایەنی سەرەکی بێت و دواتر فەرمانبەران ئازاد بن موچەکانیان بگوازنەوە بۆ هەژماری من، ئەم میکانیزمە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی موچەو گونجاندنە لەگەڵ بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق."


 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×