دادگای فیدراڵی لەسەر سێ سکاڵای تایبەت بە هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە
  2024-05-09       593       

بەگوێرەى خشتەی دانیشتنەکانی دادگای فیدراڵی، سەرەتای هەفتەى داهاتوو دادگاکە لەسەر چوار سکاڵا کۆدەبێتەوە کە سێ لەو سکاڵایانە تایبەتن بە هەرێمی کوردستان کە پێشتر ئەو دادگایە بۆ چەند جارێک ئەو سکاڵایانەى دواخستووە.

دادگای فیدراڵی خشتەی دانیشتەکانى خۆی بۆ هەفتەى داهاتوو بڵاوکردەوە، کە سێ سکاڵایان تایبەتە بە هەرێمی کوردستان.

بە گوێرەى خشتەی دانیشتەکەى دادگای فیدراڵی، سکاڵای یەکەم لەلایەن ئیڤان فایەق، وەزیرى کۆچ و کۆچبەرانی عێراقەوە دژی هەریەک لە سەرۆکی ماوە بەسەرچووی هەرێم و سەرۆکی ماوە بەسەرچووی حکومەتی هەرێم و وەزیرى ناوخۆ تۆمارکراوە.

ئیڤان فایەق لە سکاڵاکەیەدا، داوا دەکات دادگای فیدراڵی بڕیار بدات بە بەردەوامبوونی کارکردن بە بڕیارى ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق سەبارەت بە گەڕاندنەوەی ئاوارەکان و داخستنی کامپەکان.

سکاڵای دووەم لەلایەن پارێزەرێک بەناوی بەرهەم رەئوف، لە دژی سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمى کوردستان تۆمارکراوە و تێیدا ئەو پارێزەرە داوای هەڵوەشاندنەوەی هەمواری یاسای باری کەسێتیی عێراق دەکات، کە کۆت و بەندەکانی بەردەم هێنانی ژنی دووەمی قورس کردووە و بەگوێرەى هەموارەکە، ڕێگەنادرێت بەبێ رەزامەندیی دادوەر پیاو ژنی دووەم بهێنێت.

سکاڵای سێیەمیش، لەلایەن وەهاب مەجید باقی، بەڕێوەبەری گشتیی دژەتیرۆر لە سلێمانی لە دژی پەرلەمانی هەرێمى کوردستان تۆمارکراوە، سکاڵاکار داوا دەکات بڕیار دەربکرێت بە نادەستووریبوونی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری ژمارە (٣)ـی ساڵی ٢٠٠٦.

هەر لە سکاڵاکەیدا وەهاب هەڵەبجەیی داوایکردووە، سەرجەم ئەو بڕیارانەی دادگاکانی هەولێر لە دژی دەرکراون هەڵبوەشێندرێتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×