وەزارەتی شارەوانی: هەنگاوە كردارییەكانی دابەشكردنی زەوی دەچنە بواری جێبەجێكردن
  2024-05-09       167       

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەسەرپەرشتی ساسان عەونی، وەزیری وەزارەتەكەیان، كۆبونەوەی دوەمی ئەنجومەنی شارەوانی، بەمەبەستی دەستپێكردنی هەنگاوە كردارییەکان بۆ دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا بەڕێوەچو.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتەكە، كۆبونەوەكە بە بەشداری ڕاوێژكاران، بەڕێوەبەرانی گشتیی نەخشەدانانی ئاوەدانی، یاسا لە وەزارەت، بەڕێوەبەرانی گشتیی شارەوانییەكان، سەرۆكی شارەوانییەكان، بەڕێوەبەرانی نەخشەدانانی ئاوەدانی لە سەرجەم پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بەڕێوەچو.

وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، لە كۆبونەوەكەدا وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بەدواداچونی بۆ كاری شارەوانییەكان كرد كە لە كۆبونەوەی ڕابڕدودا ڕایسپاردبون بۆ زانینی ژمارەی مەزەندەكراوی فەرمانبەران و دابینكردنی زەوی و نەخشەی زەوی و دیاریكردنی شوێن و گرفتە تەكنیكی و یاساییەكان لە سنوری شارەوانییەكانیان بۆ ئەوەی بەزویی فەرمانبەران لە بڕیارەكەی مەسرور بارزانی، سەرۆكوەزیرانی كوردستان بۆ  دابەشكردنی زەوی سودمەند ببن.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، "جەختی لەسەر پەلەكردن لە پرۆسەكە كردەوەو داوای لێكردن هەتا هەفتەی داهاتو دەبێت سەرجەم شارەوانییەكان ڕاپۆرتێكی تەواو و تێروتەسەل ئامادەبكەن و تێیدا ژمارەی فەرمانبەران و شوێنی دابینكردنی زەوی لەسەر نەخشە دیاری بكرێت، ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر زەوی لە سنوری ماستەرپلاندا بەردەست نەبو، بۆ ئەوەی زۆرترین ژمارەی فەرمانبەران لە وەرگرتنی زەویدا سودمەند ببن، پێویستە ماستەرپلانی شارەوانییەکان فراوان بکەن و زەوی دابین بکەن."

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×