په‌رله‌مانتارێك: فڕۆکەخانەی بەغدا لە مەترسیدایە
  2024-05-15       336       


كاروان یاروه‌یس، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق رایگه‌یاند، جێبەجێکردنی ئەو هەمو پڕۆژەی نییشتەجێبونە لە دەوروبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا مه‌ترسیی له‌سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌كه‌ دروستده‌كات له‌ ئاینده‌دا، كه‌ به‌شێك له‌ بیناكانیش به‌بێ مۆڵه‌ت دروستكراون.

كاروان یاروه‌یس كه‌ ئه‌ندامی لیژنەی گواستنەوەو پەیوەندییەکانه‌، له‌نوسینێكدا له‌باره‌ی فڕۆکەخانەی بەغدا هۆشداری ده‌دات و ده‌ڵێت، "جێبەجێکردنی ئەو هەمو پڕۆژەی نییشتەجێبونە لە دەوروبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا بەبینای ستونی و ئاسویی و لەئێستا و داهاتودا مەترسی جددیی لەسەر پڕۆسەی فڕین و نیشتنەوەی فڕۆکە و باری ئاسایشی فڕۆکەخانەکە و هەتا ژینگە و تەندروستی دانیشتوانی ئەو پڕۆژانە دروست دەکات".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، 21 پڕۆژەی نیشتەجێبون لە جێبەجێکردندان، سەیر ئەوەیە لەنێوان دەزگا پەیوەندارەکان هەماهەنگی نییە و بەشی زۆریان بەبێ رەزامەندی دەستەڵاتی فرۆکەوانی مەدەنی عێراق دروست دەکرێن.

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ ده‌ڵێت، "دورنیە لەداهاتودا فڕۆکەیەک خۆی بکێشی بە تاوەرێک، یاخود رێکخراوی فڕۆکەوانی مەدەنی نێودەوڵەتی فڕۆکەخانەی بەغدا بخاتە دەرەوەی خزمەتگوزاری، تۆبڵێ لە بەغدا زەوی تر نەبێ بۆ دروستکردنی پرۆژەی نیشتەجێبون تەنها دەوروبەری فڕۆکەخانەی بەغداد نەبێ؟".

ئه‌وه‌شی خستوه‌ته‌ڕو، لیژنەی گواستنەوەو پەیوەندییەکان دەستی بە لێکۆڵینەوەو بەدواداچون کردوە، ئەمڕۆ دەستەی وەبەرهێنان و دەستەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی بانگی لیژنە کرد بەڵام وەبەرهێنانی بەغدا رایکرد لە ئامادەبون.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×