ئێران: درۆنەکەی تورکیا سەرکەوتوو نەبوو لە دیاریکردنی شوێنی کەوتنەخوارەوەی کۆپتەرەکەی رەئیسی
  2024-05-22       428       

ناوەندی راگەیاندنی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران راگەیاندراوێکی لەبارەی رۆڵی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکەی تورکیا بۆ دۆزینەوەی شوێنی کەوتنەخوارەوەی کۆپتەرەکەی ئیبراهیم رەئیسی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکەی تورکیا لە کارەکەیدا سەرکەوتوو نەبووە.

فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئیران ئاماژەی بەوەکردووە، شوێنی ورد و دروستی رووداوی کەوتنەخوارەوەی هەلیکۆپتەرەکە لەلایەن هێزەکانی فریاکەتنی زەمینی و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران دەستنیشانکراوە.

باسی لەوەشکردووە، هاوکات لەگەڵ رووداوی کەوتنەخوارەوەی کۆپتەرەکەی سەرۆککۆمار و شاندە یاوەرەکەی، فڕۆکە بێفڕۆکەوانە پێشکەتووەکانی ئێران کە هەڵگری راداری جۆری "سار" بوون، لە ئاسمانی باکووری زەریای هیند بوون و بەهۆی دوورییان لە شوێنی رووداوەکە، خراپیی کەشوهەوا، سەختیی جوگرافیا و کوێستانەکانی ناوچەکە، بە ناچاری رێگە زەمینییەکان بۆ دۆزینەوەی شوێنەکە گیرایەبەر.

راشیگەیاندووە، دوای ئەوەی وڵاتانی دۆست پێشنیازی هاوکارییانکرد، فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکان رەزامەندییان بۆ پێشنیازی تورکیا دەربڕی، کە نزیکترین وڵاتە لە ئێرانەوە. تورکیاش فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هەڵگری کامێرای شەو و حەراری رەوانەی ناوچەکە کرد، بەڵام ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانە بەهۆی نەبوونی ئامێری تایبەت بە "دەستنیشانکردن و چاودێریکردنی شوێن لە ژێر هەورەکاندا" سەرکەوتوو نەبوو لە دیاریکردنی ورد و دروستی شوێنی کەوتنەخوارەوەی کۆپتەرەکەدا و لە ئاکامدا گەڕایەوە بۆ تورکیا.

دوای ئەوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی هێزە چەکدارەکان لە ئەرکەکانیان لە باکووری زەریای هێند گەڕێندرانەوە، شوێنی وردی رووداوی کەوتنەخوارەوەی کۆپتەرەکە لەلایەن هێزەکانی فریاکەوتنی زەمینی و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی هێزە چەکدارەکانەوە دیاریکرا.

فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی هەڵگری راداری سار توانای دیاریکردن و چاودێریکردنی شوێن و خاڵەکانیان لە ژێر هەورەکاندا هەیە.

ناوەندی راگەیاندنی فەرماندەیی هێزە چەکدارەکانی ئێران پەیامی سوپاس و پێزانینی بۆ هەوڵ و هاوکاری و هاوخەمیی هەموو وڵاتان، لەوانە رووسیا و چین و بە تایبەتی تورکیا ناردووە.

ئەوە لە کاتێکدایە، تورکیا رایگەیاندبوو، دۆزینەوەی شوێنی کەوتنەخوارەوەی هەلیکۆپتەرەکەی ئیبراهیم رەئیسی و یاوەرەکانی، لەلایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی جۆری ئاکنجیی تورکییەوە بووە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×