چیرۆکی ئەنگوستیلەی سەرکردە ئێرانییەکان
  2024-05-22       555       

گرتە ڤیدیۆیەک لە میدیا ئێرانییەکان بڵاوکراوەتەوە و تێیدا دەرکەوتوە، ئەنگوستیلەکەی ئیبراهیم رەئیسی سەرۆک کۆماری کۆچکردوی ئێران دەدۆزرێتەوە.

لە ماوەی رابردوش گرتە ڤیدیۆییەکی هاوشێوە بڵاوکرایەوە، بەڵام ئەو جارەیان ئەنگوستیلەیەکی لەو شێوەیە لە دەستی قاسم سولەیمانی فەرماندەی پێشوی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدران دۆزرایەوە.

ئەو جۆرە ئەنگوستیەلەیە بەردی "عەقیقی یەمەنی"پێوەیە و هەردو ئەنگوستیلەکە لەلایەن عەلی خامنەیی رێبەری باڵای شۆرشی ئیسلامی ئێرانەوە بە دیاری بەخشراوە بە هەریەکە لە قاسم سولەیمانی و ئیبراهیم رەئیسی.

ئەو ئەنگوستیلەیە زۆربەی کات لە دەستی راستی قاسم سولەیمانیدا دەردەکەوت، بە شێوەیەک لە کاتی وتار، نوێژ و گەشتە سەربازییەکانیش لە دەستی دەکرد، بە وتەی وەزارەتی نەریت و رۆشنبیری ئێران، یەنگوستیەلە لە ئێستادا لەلای خێزانەکەی سولەیمانی هەڵدەگیرێت.

لەدەستکردنی ئەنگوستیلە دیاردەیە لە نێو شوێنکەوتوانی مەزهەبی شیعە، بە تایبەتی لە نێو سەرکردەکانیان، ئەو سەرکردانەی لە ئێران ئەنگوستیلەی "عەقیقی یەمەنی"یان لە دەست بینراوە، بریتین لە روحوڵا خومەینی و عەلی خامنەیی رێبەرانی باڵای شۆڕش، هەردو سەرۆک کۆمار محەمەد خاتەمی و مەحمود ئەحمەدی.

دیاردەی لەدەستکردنی ئەنگوستیلە لە نەریتە کۆنەکانی ئیسلامە، لەگەڵ تێپەڕبونی کات گۆڕانکاری بەسەردا هاتوە، بەپێی هەندێک لە توێژینەوەکان لەدەستکردنی ئەنگوستیلەیەک کە بەردی "عەقیقی یەمەنی" پێوە بێت، سودی دەبێت بۆ وزەی جەستە و چالاکردنی سوری خوێن، لە روی دەرونیشەوە سودی دەبێت بۆ هێورکردنەوەی مێشک و رۆح.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×