تەیف سامی: حكومەتی هەرێم دەڵێت، داهاتی نانەوتی دو مانگی رادەستكردوە بەڵام كەشفی حسابەكەی هەرێم سفرە
  2024-05-22       483       

تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق لە وەڵامی نوسراوێكی سەرۆكایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمدا كە وتویەتی، لەسەدا 50ی داهاتی نانەوتی دو مانگی هەرێمیان رادەست كردوە، دەڵێت، بەپێی كەشفی حسابی داهاتە نانەوتییەكانی هەرێم كە لە بانكی ناوەندی كراوەتەوە، باڵانسەكە سفرەو هیچ بڕە پارەیەكی نەخراوەتە سەر.

ئاوێنە: وەزارەتی دارایی عێراق، رۆژی 9ی ئەم مانگە لە نوسراوێكدا كە ئیمزای تەیف سامی، وەزیری دارایی لەسەرە وەڵامی نوسراوێكی رۆژێك لەوەوبەری سەرۆكایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی داوەتەوە لەبارەی ئەوەی كە داهاتی نانەوتی دو مانگی هەرێمی كوردستانیان رادەستی بەغدا كردوە.

تەیف سامی لە نوسراوەكەیدا وتویەتی، له‌نوسراوه‌كه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا ئه‌وه‌ هاتوه‌ كه‌ پشكی خەزێنەی فیدراڵیان ‌ڕێژه‌ی 50%ی داهاتی ده‌روازه‌ سنورییه‌كان و 50%ی داهاتی باجی ده‌رامه‌تی كۆكراوه‌ی هه‌رێمییان بۆ مانگه‌كانی شوبات و ئازاری 2024 رادەستكردوە، بەڵام ئه‌م رێوشوێنه‌ پێچه‌وانه‌ی هه‌ردو مادده‌ی (12/دوه‌م/د)و (21/دوه‌م)ی یاسای بودجه‌ی گشتی فیدراڵ و مادده‌ی (29)ی یاسای ئیداره‌ی دارایی فیدراڵ و گشتاندنی ژماره‌ (36563)ی رۆژی 3/7/2023ی فه‌رمانگه‌ی بودجه‌/ به‌شی داهاته‌كانه‌، كه‌ به‌گوێره‌ی ده‌قی ئه‌و ماده‌یه‌ی سه‌ره‌وه‌، میكانیزمی دوباره‌ دابه‌شكردنه‌وه‌ی داهاتی ده‌روازه‌ سنورییه‌كان دیاریكراوە.

وەزیری دارایی عێراق وتوشیەتی، نوسراوەكەی حكومەتی هەرێم ئاماژەی بە رادەستكردنی داهاتی نانەوتی مانگەكانی شوبات و ئاداری ساڵی 2024 كردوەو هیچ ئاماژەیەكی بە داهاتە بەدەسهاتوەكانی مانگی كانونی دوەمی 2024 نەكردوە.

تەیف سامی وتوشیەتی، حكومه‌تی هه‌رێم به‌پێی نوسراوه‌كه‌ سه‌رپێچی ده‌قی مادده‌ی (12/ دوه‌م/ د)ی یاسای بودجه‌ی گشتی 2023ی كردوه‌، به‌وپێیه‌ی هه‌مو داهاته‌ نانه‌وتییه‌كانی نه‌ناردوه‌. 

وەزیری دارایی عێراق ئەوەشی خستۆتەڕو، كه‌شفی حسابی تایبه‌ت به‌ داهاته‌ نانه‌وتییه‌كانی هەرێمی كوردستانمان به‌ ژماره‌ (70018) بۆ هات، كه‌ له‌ بانكی ناوه‌ندیی كراوه‌ته‌وه‌، تێیدا ده‌رده‌كه‌وێت باڵانسه‌كه‌ (سفر‌)ه‌و هیچ بڕه‌ پاره‌یه‌كی نه‌خراوه‌ته‌سه‌ر.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×