بهشیر حهداد، جێگری سهرۆكی پێشووی ئهنجومهنی نوێنهرانی عێراق ئاشكرای كرد، ئەو فەرمانبەرانەى چەند ساڵە پلەبەرزکردنەوەیان راگیراوە قەرەبو دەکرێنەوە، دەشڵێت ،"پرۆسەى تەوتینى مووچەى فەرمانبەران بەردەوامە و پێویستە هەرێمى کوردستان بە زوویی ناو و لیستى فهرمانبهران بنێرێت بۆ بانكی تی بی ئای.
ئاوێنە: د. بەشیر حەداد، جێگری پێشوى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق به میدیای فهرمی گۆڕانی راگهیاند: لە چەند مانگى داهاتودا پلەبەرزکردنەوەى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێم و هاوتاکردنى مووچەى خانەنشینان دەچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە.
ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد کە ئەو فەرمانبەرانەى چەند ساڵێکە پلەبەرزکردنەوەیان وەستاوە قەرەبوو دەکرێنەوە، چونکە ئەوە مافێکى دەستووریی خۆیانە و دەستوور بەرگرى لەو مافەیان کردوە، وتیشى: "مووچەى خانەنشینانیش هاوتاى عێراق دەکرێت".
لەبارەى شێوازى دانەوەى قەرەبووى پلەبەرزکردنەوەى فەرمانبەرانەوە ئەوەى ئاشکرا کرد کە شێوازى دانەوەکەى بەسەر یەکەوە نابێت و ئەگەرێکى زۆر هەیە مانگانە لەگەڵ مووچەکەیان بڕێک لە قەرەبوەکەش وەربگرنەوە.
لە وەڵامى پرسیار قەرەبوکردنەوەى خانەنشینان و کەسوکارى شەهیدان و ئەنفالکراوان دەگرێتەوە؟ بەشیر حەداد ئاماژەى بۆ ئەوەکرد کە ئەوان قەرەبوو ناکرێنەوە، چونکە لەو حاڵەتەدا بودجەیەکى زەبەلاحی پێویست دەبێت و وتى: "هەرکات بڕیار لەسەر هاوتاکردنى مووچەکانیان درا، هەر لەو کاتەوە جێبەجێ دەکرێت".
لەبارەى پرۆسەى تەوگینیشەوە جێگریى پێشوى سەرۆکى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق ئەوەى ئاشکرا کرد کە پرۆسەکە دەستى پێکردوە و بەردەوام دەبێت، بەڵام کاتى پێویستە چونکە بە وتەى ئەو عێراق ماوەى حەوت ساڵى نەیتوانیوە تەوتینى مووچەخۆرانى خۆى تەواو بکات.
وتى: "ئەوەى گرنگە ئەوەیە پرۆسەکە چۆن دەستى پێکردوە بەوجۆرە بەردەوام بێت و ئەو مووچەخۆرانەى بەشدارى پرۆژەى هەژمارى من نەبوون ناویان بنێردرێتە بەغدا تا پرۆسەى بەبانکیکردنى مووچەکانیان تەواو بکرێت".
جەختیشیکردەوە کە پێویستە حکومەتى هەرێمى کوردستان بە زوویی ناو و لیستى ئەو فەرمانبەرانە بنێرن کە ماونەتەوە تا لەلایەن بانکى تى بی ئاى-ەوە کارەکانیان بۆ ئەنجام بدرێت.