لە سلێمانییەوە نزیكەی هەزار ئاوارە بۆ زێدی خۆیان گەڕێندرانەوە
  2024-05-23       614       

وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق بڵاوی كردەوە، ئەمڕۆ ٩٣٥ ئاوارەیان لە كامپی ئاشتی لە سلێمانی بۆ زێدی ڕەسەنی خۆیان لە پارێزگاكانی سەڵاحەدین و نەینەوا گەڕاندەوە، هەروەها بڕی چوار ملیۆن دینار بەو ئاوارانە دراوە، كە گەڕاونەتەوە.

ئاوێنە: وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوى کردەوە، لە چوارچێوەی هەوڵەكان بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەكان بۆ زێدی خۆیان، ئەمڕۆ ٩٣٥ ئاوارەیان لە كامپی ئاشتی لە پارێزگای سلێمانی گەڕاندووەتەوە بۆ زێدی ڕەسەنی خۆیان لە شارۆچكەی بەلەدی سنوورى پارێزگای سەڵاحەدین و شنگال لە پارێزگای نەینەوا.

ئاماژە بەوەشكراوە، بە پشتبەستن بە ڕێنماییەكانی وەزارەتەکەمان بڕی چوار ملیۆن دینار ڕادەستی ئاوارە گەڕاوەكان کراوە، ئەمە جگە لە دابینكردنی كەلوپەلی ناو ماڵ وەك (تەلەفزیون، ساردكەرەوە،) و كەرەستەی فریاگوزاری بۆ خێزانە گەڕاوەكان.

ئەوەش خراوەتەڕوو، ئەم دەستپێشخەرییە لە چوارچێوەی ڕێنماییەكانی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق دێت، بۆ هاندانی خێزانە ئاوارەكانی ناو كامپەكان بۆ گەڕانەوەی خۆبەخشانە پێش بەرواری داخستنی كامپەكان و كۆتاییهێنان بە دۆسییەی ئاوارەكان لە ٣٠ـی تەمموزی ئەمساڵ.

لە ساڵی ٢٠١٤ وە بەهۆی شەڕی چەتەكانی داعشەوە سەدان هەزار كەس لە ناوچەكانی عێراق ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كرد و لە ژمارەیەك كامپدا جێگیر كران، دواتر دوای ئارام بوونەوەی دۆخی عێراق، حكومەتی عێراق بڕیاریدا ئاوارەكان بگەڕێنێتەوە سەر زێدی خۆیان و تا كۆتای مانگی تەمووزی ئەمساڵ كۆتایی بە دۆسییەی ئاوارەكان بهێنێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×