لێدوانی وتەبێژی سەرۆكایەتی هەرێم لەبارەی دیاریكردنی وادەی نوێ بۆ هەڵبژاردن
  2024-05-23       686       

دڵشاد شەهاب، وتەبێژی سەرۆكایەتی هەرێم رایگەیاند، چاوەڕێی هەنگاوی كۆمسیۆنن لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و ئەگەر كۆمسیۆنەكە ئاگاداری كردنەوە كە ناتوانێت لەو وادەیەی دیاریكراوە، هەڵبژاردن ئەنجام بدات، ئەوا وادەیەكی نوێ بۆ هەڵبژاردنەكە دیاری دەكەن.

ئاوێنە: دڵشاد شەهاب، وتەبێژی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەمیانی سەردانی بۆ كونسوڵخانەی گشتی ئێران لە هەولێر، بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، بڕیارە لەم رۆژانەدا كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بۆ پێداچونەوەی بەرنامەی خۆی لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كۆببێتەوە و ئێمە چاوەڕوانی هەنگاوەكانی كۆمسیۆنین لەمبارەیەوە چونكە بڕیار لای كۆمسیۆنەو تا ئێستاش پابەندە بەو وادەیەی كە پێشتر بۆ هەڵبژاردن دیاریكراوە.

ئەوەشی خستەڕو، ئەگەر كۆمسیۆن نەتوانێت لەو وادەیەدا كە دیاریكراوە، هەڵبژاردن ئەنجام بدات، دەبێت لەوە ئاگادارمان بكاتەوە، ئەو كات سەرۆكایەتی هەرێم وادەیەكی نوێ بۆ بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دیاری دەكات.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×