دژە تیرۆری یەكێتی، لە راگەیەندراوێكدا دەڵێت، ئەمڕۆ پێنجشەممە، زیاتر لە 60 ئەندامی هێزی دوپشكی سەربە لالەزار پەیوەندییان بە هێزەكانیانەوە كردەوەو خۆیان لە لێدوانێكی ڤیدیۆییدا دەڵێن، "هەمو جوڵەو ئاڕاستەکانیان لە لالەزار بە بڕیاری پاراستن(ی پارتی) بوە بۆ تێكدانی ئارامی و ئاسایشی ناوچەكە."
ئاوێنە: دژە تیرۆری یەكێتی لە راگەیەندراوێكدا وتی"ئەمڕۆ پێنجشەممە 13ی 6ی 2024 زیاتر لە 60 چەکبەدەستی هێزی بەناو (دوپشک) لە لالەزار پەیوەندییان بە هێزەکانی دژەتیرۆر کوردستان_CTG، کرد."
دژە تیرۆر لەگەڵ راگەیەندراوەكەیدا لێدوانێكی ڤیدیۆیی بەناوی ئەو كەسانەوە بڵاوكردۆتەوەو كە یەكێكیان قسەدەكات و دەڵێت، ماوەی زیاتر لە دوساڵە "بەکاردەهێنرێن بۆ بەرژەوەندی کەسی و پاوانخوازی تایبەتیی لالەزارو چەندین کاریان لەدەرەوەی یاسا بەرکارەکانی هەرێمی کوردستان پێئەنجامدراوە دژی ئارامی و ئاسایشی سلێمانی و ناوچەکە."
هەروەها دەشڵێن "لەلایەن (پارتی و پاراستن)ـەوە، موچە و بودجەیان بۆ دابینکراوەو فەرمانیان بۆ هاتوە کە ئەمەش بۆتە هۆی ناڕەزایی ئەم هێزە کە بەشێکی زۆریان کەسوکاری سەربەرزی شەهیدانی یەکێتی نیشتیمانی بون."
لە لێدوانە میدیاییەكەدا ئەوان دەشڵێن "هەمو جوڵەو ئاڕاستەکانیان لە لالەزار بە بڕیاری پاراستن بوە بۆ تێکدانی ئارامی و ئاسایشی ناوچەکە بە چاوساغی ئەو تاقمە دەرکراو و داواکراوەی لە لالەزار کاردەکەن."