ئەنجومەنی شارەوانیی سلێمانی رایگەیاند، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنەكەدا رەزامەندی دراوە لەسەر هەمواركردنەوەو فراوانكردنی ماستەرپلانی شارەوانیی سلێمانی، ئەوەش لەبەر زیادبونی بەردەوامی رێژەی دانیشتوان و پڕكردنەوەی كەمی زەوی پێویست كە بڕیارە زەوی نێشتەجێبون بەسەر فەرمانبەران و خانەنشیناندا دابەش بكرێت.
ئاوێنە: ئەنجومەنی شارەوانیی سلێمانی، ئەمڕۆ چوارشەممە، بە سەرپەرشتی سەرۆكی ئەنجومەن و ئامادەبونی جێگرو ئەندامانی ئەنجومەن، كۆبونەوەی ئاسایی خۆی سازدا.
بەپێی راگەیەندراوێكی ئەنجومەنەكە، لەكۆبونەوەكەدا "ڕەزامەندی درا لەسەر هەمواركردنەوەو فراوانكردنی ماستەرپلانی شارەوانیی سلێمانی."
ئەنجومەنی شارەوانیی سلێمانی وتوشیەتی، هەمواركردنەوەو فراوانكردنی ماستەرپلانەكە "بۆ ئێستای شارو دانیشتوانی سلێمانی زۆر گرنگە، بەو پێیەی كە پێویستە خزمەتگوزاریی بە هەمو سێكتەرەكانییەوە لە سنوری ماستەرپلانی شارەوانیی سلێمانی زیاتر بكرێت، لەبەرئەوەی ڕێژەی دانیشتوان بەردەوام لە زیادبوندایە، هەروەها پڕكردنەوەی كەمی خزمەتگوزاری و زەوی پێویست كە بڕیارە زەوی نیشتەجێیی بەسەر فەرمانبەران و خانەنشیناندا دابەشبكرێت."
هێمای بۆ ئەوەش كردوە "هەمواركردنەوەكە لەئێستادا كاری لەسەر دەكرێت و لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە بودجەی تایبەتی بۆ دانراوە لەسەر داهاتی سەرۆكایەتی شارەوانیی پەیوەندیداری هەر شارێك."
بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لە بەشێكی دیكەی كۆبونەوەكەدا بڕیاردراوە بە "پەسەندكردنی شوێن و چالاكیی 'پاركی بۆنەكان' وەكو پاركێكی 'گەشتیاری و سەوزایی' كە لە داهاتودا دەبێتە شوێنێكی گەشتیاریی و ڕوبەرێكی فراوان لە سەوزایی لەخۆدەگرێت بۆ دانیشتوانی شارەكەمان و دەخرێتە خزمەت هاوڵاتیانەوە، كە چەندین چالاكیی گەشتیاریی لەخۆدەگرێت."
هەروەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، بڕیاریش دراوە بە "بانگهێشتكردنی لیژنەی خزمەتگوزاریی تایبەت بە پرۆژە نیشتەجێبوەكان (سیتییەكان) لە فەرمانگە پەیوەندیدارەكان، بۆ ڕونكردنەوەی پێویست لەسەر كۆی خزمەتگوزاریی، سكیوریتی، سەوزایی، كرێی مانگانەو هەمو ئەو خزمەتگوزارییانەی كە زۆربەی دانیشتوانی ناو (سیتییەكان) گلەیی و گازندەیان بەردەوام دەگەیەننە سەرۆكایەتی شارەوانیی سلێمانی و ئەنجومەنی شارەوانیی، لە هەمانكاتدا چارەسەركردنی ئاستەنگیی بەردەم تۆماركردنی یەكەكان لەسەر دانیشتوانەكەی."
وتوشیەتی، پاشان كارنامەی دانیشتنەكە خرایە گفتوگۆوە، كە چەندین بڕیارو مامەڵەی هاوڵاتیان و (12) مامەڵەی وەبەرهێنان تاوتوێكراو، و بەشێك لە هاوڵاتیان و وەبەرهینەران ئامادەبون لە كۆبونەوەی ئەنجومەن. لە كۆتاییدا بڕیاری پێویست لەسەر داواكارییەكانیان درا بەپێی یاساو ڕێنماییەكان.
دەقی راگەیەندراوەكەی ئەنجومەنی شارەوانیی سلێمانی:
ئەنجومەنی شارەوانیی سلێمانی، ئەمڕۆ چوارشەممە ڕێكەوتی 7/8/2024 كۆبونەوەی ئاسایی خۆی سازدا، بە سەرپەرشتی سەرۆكی ئەنجومەن و ئامادەبونی جێگرو ئەندامانی ئەنجومەن.
لە دانیشتنی ئەمرۆدا ئەندامانی ئەنجومەن، چەند بابەتێكی گرنگیان پەیوەست بە هاوڵاتیان و فەرمانبەران تاوتوێكرد، كە بریتیبون لە:
1- ڕەزامەندیدرا لەسەر هەمواركردنەوەو فراوانكردنی ماستەرپلانی شارەوانیی سلێمانی، كە بۆ ئێستای شارو دانیشتوانی سلێمانی زۆر گرنگە، بەو پێیەی كە پێویستە خزمەتگوزاریی بە هەمو سێكتەرەكانییەوە لە سنوری ماستەرپلانی شارەوانیی سلێمانی زیاتر بكرێت، لەبەرئەوەی ڕێژەی دانیشتوان بەردەوام لە زیادبوندایە، هەروەها پڕكردنەوەی كەمی خزمەتگوزاری و زەوی پێویست كە بڕیارە زەوی نیشتەجێیی بەسەر فەرمانبەران و خانەنشیناندا دابەشبكرێت. جێی ئاماژەپێدانە كە هەمواركردنەوەكە لە ئێستادا كاری لەسەر دەكرێت و لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە بودجەی تایبەتی بۆ دانراوە لەسەر داهاتی سەرۆكایەتی شارەوانیی پەیوەندیداری هەر شارێك.
2- پەسەندكردنی شوێن و چالاكیی ”پاركی بۆنەكان” وەكو پاركێكی ”گەشتیاری و سەوزایی” كە لە داهاتودا دەبێتە شوێنێكی گەشتیاریی و ڕوبەرێكی فراوان لە سەوزایی لەخۆدەگرێت بۆ دانیشتوانی شارەكەمان و دەخرێتە خزمەت هاوڵاتیانەوە، كە چەندین چالاكیی گەشتیاریی لەخۆدەگرێت.
3- بانگهێشتكردنی لیژنەی خزمەتگوزاریی تایبەت بە پرۆژە نیشتەجێبوەكان (سیتییەكان) لە فەرمانگە پەیوەندیدارەكان، بۆ ڕونكردنەوەی پێویست لەسەر كۆی خزمەتگوزاریی، سكیوریتی، سەوزایی، كرێی مانگانەو هەمو ئەو خزمەتگوزارییانەی كە زۆربەی دانیشتوانی ناو (سیتییەكان) گلەیی و گازندەیان بەردەوام دەگەیەننە سەرۆكایەتی شارەوانیی سلێمانی و ئەنجومەنی شارەوانیی، لە هەمانكاتدا چارەسەركردنی ئاستەنگیی بەردەم تۆماركردنی یەكەكان لەسەر دانیشتوانەكەی.
پاشان كارنامەی دانیشتنەكە خرایە گفتوگۆوە، كە چەندین بڕیارو مامەڵەی هاوڵاتیان و (12) مامەڵەی وەبەرهێنان تاوتوێكراو، و بەشێك لە هاوڵاتیان و وەبەرهینەران ئامادەبون لە كۆبونەوەی ئەنجومەن. لە كۆتاییدا بڕیاری پێویست لەسەر داواكارییەكانیان درا بەپێی یاساو ڕێنماییەكان.
ئەنجومەنی شارەوانیی سلێمانی.
7/8/2024