دوای بڵاوبونەوەی نوسراوێکی فەرمی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بە ڕەزامەندبونیان بە کەمپنشینکردنی حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان، بەشێک لەو حزبانە ڕایدەگەیەنن، بە فەرمی لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە ئاگادارکراونەتەوە کە دەبێت پابەند بن بە بڕیارەکەوە.
ئاوێنە: حەسەن ڕەحمان پەنا، جێگری سکرتێری گشتی کۆمەڵەی کۆمۆنیستی ئێران، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"بە فەرمی ئاگادارکراوینەتەوە کە کەمپەکانمان چۆڵ بکەین، ئێمە بە بەرپرسانی هەرێممان وت، دەزانین فشارەکان هی ئێرانە نەک حکومەتی هەرێم، بەڵام بەداخەو ئێوە تەسلیم بون و خۆزگە قبوڵتان نەدەکرد، چونکە ئەم کارەتان لە مێژودا دەمێنێتەوە، ئەوانیش وتیان بڕیاری ئێمە نییە هی حکومەتی فیدڕاڵە، ئێمە تەنیا جێبەجێی دەکەین."
وتیشی،" لەبەئەوەی نامانەوێت شەڕ دروست بێت و ناچینە سەنگەر دژی کورد کە ئامانجی ئێرانە خوێنی کورد بە کورد بڕژێت بۆیە دەچینە کەمپەکان، بەڵام پەنابەر نابین و چالاکی سیاسی خۆمان بەردەوام دەکەین، دەبێت ژینگەی کاری سیاسیمان بۆمان فەراهەم بکرێت، نابێت دەستبەسەر بین و یوئێن چاودێریمان بکات و پارچەیەک نانمان بدەنێ، ئەگەروابێت قبوڵی ناکەین."
بە پێی نوسراوێکی فەرمی کە لە بەشێک لە میدیاکان بڵاو کراوەتەوە، ڕۆژی 19ی ئەم مانگە قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق، داوا لە وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق دەکات ڕەزامەندی دەرببڕیت بە بەکارهێنانی کەمپی سورداش بۆ جێگیرکردنی حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان، لە بەرامبەردا ئیڤان فایەق وەزیری کۆچ و کۆچبەران لە هەمان ڕۆژ وەڵامی نوسراوەکەی داوەتەوە و رەزامەند بوە بە داواکەی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق.
عەلی شەمخانی، ئەمینداری باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، لە کۆتایی مانگی سێی 2023دا سەردانی عێراقی کرد و لەگەڵ قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق ڕێکەوتنامەیەکی ئەمنییان واژۆ کرد تایبەت بە ئاسایشی سنورەکانی نێوان هەردو وڵات و سنوردارکردنی جموجۆڵی حزبەکانی کوردستانی ئێران.
لە دوای چەند جارێک هێرشی ئێران بۆسەر بارەگای حزبە کوردییەکانی رۆژھەڵاتی كوردستان لە مانگی نۆی 2022، حکومەتی ئێران ڕۆژی 19ی نۆی 2023ی وەکو دوا وادە بۆ چەککردن و داخستنی بارەگای حزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی دانابو، بەڵام پێش ئەو وادەیە لەلایەن عێراق و هەرێمی کوردستانەوە هێزە کوردییەکان لە ناوچە سنورییەکان کشێنرانەوە، هێزەکانیشیان لە کەمپەکانی زرگوێز و کۆیە و ناوچەکانی تر "چەککران." بەڵام لە ئێستادا حکومەتی عێراق ڕەزامەندی دەربڕیوە بەوەی لەو کەمپانەش بگوازرێنەوە و لە سورداش جێگیربکرێن.
سەرچاوەیەکی تر لە ناو یەکێک لە حزبەکانی کۆمەڵە کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێت، پشتڕاستی قسەکانی حەسەن ڕەحمان پەنای کردەوە و تی،" بەڵێ دەزگا ئەمنییەکانی سلێمانی لەگەڵماندا دانیشتون و چەند جارێک پێیان وتین کە دەبێت زڕگوێز چۆڵبکەین."
وتیشی،" لەبەر ئەوەی نەبینە مایەی سەرئێشە بۆ هەرێم و لەبەرچاوگرتنی دۆخەکە، بە ناچاری دەچینە کەمپە نوێیەکە."
بەڵام هەریەکە لە پارتی ئازادی و حزبی دیموکرات ڕەتی دەکەنەوە بڕیارێکی لەو شێوەیەیان پێگەشتبێت، دەڵێن "بە فەرمی ئاگادارنەکراوینەتەوە."
خەلیل نادری وتەبێژی پارتی ئازادی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"هیچ بڕیارێکی عیراقیمان پێنەگەشتوە سەبارەت بە گواستنەوەمان، ئێمە زیاتر لەگەڵ حکومەتی هەرێم دامەزراوەکان و حزبەکوردییەکان لە پەیوەندیداین و لایەندارین، بەدرێژایی 33 ساڵی ڕابردو کار و تێکۆشانمان بە جۆرێک بوە کە زیان بە باشوری کوردستان نەگەیەنێت و نەبێتە بیانو کە کۆماری ئیسلامی ئێران بەدەستیەوە بگرێت، فشارەکانی ئێران بەردەوامن و هەرچی بۆ بچیتە سەر درێغی ناکات، دەیەوێت پێش هەڵبژاردنی ئەمەریکا و کابینەی نوێ خواستەکانی خۆی بەدیبهێنێت."
وتیشی،" فشارەکە لەسەر هەڤاڵانی کۆمەڵەکان چڕتربۆتەوە، بۆمان پرسیارە بۆ هەڤاڵان لە زڕگوێز یان کۆیە ببرێنە شوێنیکی تر، چی لە بابەتەكە دەگۆڕێت، نە بۆ ئێمە و نە بۆ لایەنەکانی تر جێگەگۆڕکێ ئاڵوگۆڕی ئەوتۆ دروستناکات، ئێمە لە شەڕی داعش بەشداربوین و خوێنمان بۆداوە، بڕیارمان بە جۆرێکە قبوڵی تەسلیم بون و هەڵوەشاندنەوەی تێکۆشانی خۆمان ناکەین و هێڵێکی سورمان هەیە ناهێڵین کەس بیبەزێنێت. ئەگەر ناچار بین لەم شوێنانەی ئێستا نەمێنین دڵنیابن کە پلان و نەخشەگڵاوەکانی ئێران لە گۆڕ دەنێین."
هەرچەندە حزبی دیموکرات ئامادە نەبو بە فەرمی لێدوان بدات لەو بارەیەوە، بەڵام سەرچاوەیەکی باڵا لەو حزبە بە دەنگی ئەمەریکای وت،" بڕیارێکی لەو شێوەیە بۆ ئێمە نەهاتوە."
وێرای فشارەکان و بڵاوکراوەکەی وەزارەتی کۆچ و کۆچ بەرانی عێراق، بەڵام نوێنەری ئەو وەزارەتە دەڵێت، بڕیارەکە بە فەمی نەگەشتۆتە دەستیان.
سامر مەشکور، بەڕێوەبەری لقی سلێمانی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق سەبارەت بە بڕیارەکە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ئێمە هیچ بڕیارێکی فەرمیمان بەدەستنەگەشتوە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، بەڵام بۆ جێبەجێکردنی بڕیارێکی وا پێویستمان بە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانە، چونکە سەڵاحیەتی جێبەجێکردنی لەلای ئەوانە، عێراق موافقە بەڵام وەزارەتی ناوخۆی هەرێم هیچ بڕیارێکی نەداوە لەو بارەیەوە، خزمەتگوزاری کەمپ و جێبەجێکردنەوەی لە ئەستۆی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمە."