کۆمسیۆن: هیچ حیزب و لیستێک ناتوانێت دەنگی دەنگدەران ئاشکرابکات
  2024-10-02       407       

وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان دڵنیایی دەدات كە هیچ كەسێك ناتوانێت ئەوە بزانێت كە دەنگدەر دەنگی بەكام لایەنی سیاسی داوە. ئەوشە لەكاتێكدایە كە فشاری لایەنە سیاسییەکان لەسەر فەرمانبەران و هاوڵاتیان توندتر بۆتەوەو کارتی دەنگدان لە فەرمانبەران وەردەگیرێت و کۆپی دەکرێن و پێیان دەوترێت لەو ڕێگەیەوە دەزانن کە دەنگیان بە کێ داوە.

ئاوێنە: جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "هیچ کەسێک ناتوانێت ئەوە بزانێت کە دەنگدەر دەنگی بەکام لایەنی سیاسی داوە، تەنیا ئامێرەکان ژمارەی ئەو وەرەقەیە دەخۆێننەوە کە دەخرێتە ناو سندوقەکانی دەنگدانەوە."

جومانە وتیشی،"دەمەوێ ئەو دڵنیاییەش بدەم بە دەنگدەران، تەنانەت کۆمسیۆنیش نازانێت ئەوان دەنگیان بەکێ داوە، ئەو وەرەقەیەی کە دەنگی پێ دەدەن لە بنکەکان، ناوی دەنگدەری لەسەر نییە، بۆیە ئەوەی بەرامبەریان دەوترێت ناڕاستە و ئەوان کەس نازانێت دەنگ بەکێ دەدەن".

لە خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان 2 ملیۆن و 683 هەزار و 618 دەنگدەریش لە دەنگدانی گشتی و 215 هەزار و 960 دەنگدەریش لە دەنگدانی تایبەت مافی دەنگدانیان هەیە.

ئەرسەلان حەسەن بەرپرسی بەشی هەڵبژاردنی یەگرتوی ئیسلامی کوردستان لە بازنەی هەڵەبجە لە لێدوانێکدا بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، " زانیاری ووردمان هەیە کە کارتی دەنگدەران لە کارمەندانی مەدەنی و سەربازی وەرگیراوە، ڕێکارەکانی چۆنیەتی دەنگدانیان پێکراوە."

ئەرسەلان حەسەن وتیشی،" ئێمە ئەم کارە بە ترس لە دۆڕان لە هەڵبژاردن دەبینین،بەتایبەت ئێستا پرۆسەی جیاکردنەوەی دەنگەکان لە دەست کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقە و هەردوو حیزبی دەسەڵات ناتوانن ئاڵوگۆڕ بە سندوق و ژمارەی دەنگەکان بکەن."

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان دەڵێن، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق چاودێری ئەو پێشەلکاریانە دەکات و لە ئەگەری سەلماندنیان ئەوا ئەو لیستەی پێشێلکاری کردوە سزادەدرێت.

حەمەسەعید ئەحمەد بەڕێوبەری گشتی لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"یەکێک لە مافە سەرەتاییەکانی هاوڵاتی دەنگدانە و دەنگدانیش نهێنیە، لەم دەنگدانەش کۆد دەنێرێت نەک ناوهیچ کەسێک، نازانرێت کێ دەنگی بەکێ داوە، ئەوەی دەکرێت نایاساییە."

حەمەسەعید وتیشی، "حیزبێکی سیاسی بۆ دەنگدەرانی خۆی پرۆسەکە ئەنجام بدات ئاساییە، بەڵام ئێستا زانیاریمان هەیە شوێنی دەنگدان و کارتی دەنگدان لە قوتابیان و فەرمانبەران وەردەگیرێت، ئەوە نایاساییە، ئەگەر بە بەڵگە ئەمانە بدرێنە کۆمسیۆنی باڵا، ئەوا بە دڵنیاییەوە ئەولیستەکە ڕووبەڕووی سزا دەبێتەوە."

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×