بەرپرسێکی باڵای یەکێتی لەسەر پێکهێنانی کابینەی 10ی حکومەت زانیاری نوێ ئاشکرا دەکات
  2024-10-25       955       

ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی ئاشکرای دەکات، يەکێتی يان هيچ لايەنێک ئامادەنییە بە هەمان شێوەی جاران لەگەڵ پارتی رێک بکەوێت بۆ پێکهێنانی حکومەت و دەشڵێت: هەر ڕێکەوتنێکیش بۆ پێکهێنانی حکومەت بەبێ گۆڕانکاری لە سيستەم و شێوازی بەڕێوەبردن مەحاڵە.

ئاوێنە: ئارێز عەبدوڵا، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نوسیویەتی: بەدەر لەوەی کێ دژ و کێ لەگەڵ ئەنجامی هەڵبژاردنە، بەدەر لەوەی کێ خۆی بە براوە دەزانێ و کێ بە دۆڕاو، بە دەر لەوەی کێ گومان لە دەستکاريکردنی ئامێرەکان دەکات و کێش پێی وايە ئامێرەکان بێ کەموکوڕين، ئەم هەڵبژاردنە زۆر گرنگ بوو، گرنگ بوو، چونکە لانی کەم رێگری لە دروستبوونی ديکتاتۆر و تاکڕەوی کرد، چيتر لايەنێک ناتوانێ بە ناوی زۆرينەی ناڕاستەقينە بە ئارەزووی خۆی وڵات بەڕێوە ببات و نازيش بەسەر گەلدا بکات!

ئەو بەرپرسەی یەکێتی ئاماژەی بەوەکردووە، زووتر پارتی(٤٥) کورسی هەبوو، بەڵام ئێستا  نزيکەی (٣٩) کورسی، واتە (٦) کورسی لە دەستداوە، جا با بۆ خۆی هەر بڵێ براوەی يەکەمم، زووتر بەخۆشی بوو بێ يان بە ترشی پارتی هەژموون و دەسەڵاتی بەسەر (١١) پەرلەمانتاری پێکهاتەکان هەبوو، بەڵام ئێستا رەنگە بتوانێ هەژموونی خۆی بسەپێنێتەوە سەر تەنیا (٣) کەس.

جەختدەکاتەوە، جارێکیتر پارتی ناتوانێ زۆرينەی بێ ناوەڕۆک دروست بکاتەوە و لەگەڵ هەر لايەنێکی ديش حکومەت پێکبينێ، لەژێر چاودێری و بەردەستی پەرلەمان دەبێت و نوسیویەتی: بڕواش ناکرێت يەکێتی يان هيچ لايەنێک ئامادە بێت بە هەمان شێوەی جاران لەگەڵ پارتی رێک بکەوێتەوە، هەر رێکەوتنێکیش بۆ پێکهێنانی حکومەت بەبێ گۆڕانکاری لە سيستەم و شێوازی بەڕێوەبردن مەحاڵە.

دەشڵێت: راستە هێشتا پارتی قەوارەی یەکەمە، بەڵام هەرگيز ناتوانی ئەو پارتيەی جارانی دەسەڵات بێ، بۆیە ئەگەر بەڕێژەیەکی کەمیش بێ هەڵبژاردن زۆر شتی گۆڕی.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×