مەسرور بارزانی: پێویستە پێكهێنانی حكومەت لەسەر بنەمای دەنگی لایەنەكان بێت
  2024-11-04       246       

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ دوشەممە، لە كۆبونەوەیدا لەگەڵ ئەلینا رۆمانۆوسكی، رایگەیاند، پێویستە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت لەسەر بنەمای دەنگی لایەنەكان و بەركەوتەی هەڵبژاردن بێت.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی حكومەتی هەرێم، ئه‌مڕۆ دوشەممە، مەسرور بارزانى، سه‌رۆكى حکومەتی هه‌رێمى كوردستان، پێشوازیى له‌ ئەلینا ڕۆمانۆوسکی، باڵيۆزى ئه‌مه‌ريكا له‌ عێراق كردوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکان تایبەت بو بە ڕێکارو ئامادەکارییەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لەوبارەیەوە "هەردولا هاوڕابون لەسەر گرنگیی لەیەکتێگەیشتنی لایەنە سیاسییەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ لە زوترین کاتدا، بۆ ئەوەی درێژە بە کار و پرۆژە خزمەتگوازارییەکانی بدات و خزمەتی گشت هاوڵاتی و پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان بکات."

وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، سەرۆکی حکومەت جەختی لەوە کردەوە کە "پێویستە پێکهێنانی حکومەت لەسەر بنەمای دەنگی لایەنە سیاسییەکان و بەرکەوتەی هەڵبژاردن بێت و حکومەتێکی سەرتاسەری و بەهێز و یەکگرتو بێت."

هەر بەپێی راگەیەندراوەكە، لە بەشێکی دیکەی کۆبونەوەكەدا، بیروڕا لەبارەی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاڵوگۆڕ کراو "هەردولا هاوڕابون لەسەر پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکەو دورخستنەوەی لێکەوتەکانی ئەو شەڕ و ئاڵۆزییە لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×